ئەمڕۆ هەینی سێی نیسانی 2026، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی حكوومەتی ئیسرائیل، دووپاتی کردەوە کە 70٪ـی پیشەسازیی ئاسن و پۆڵای ئێران بەتەواوی لەناو براوە.
نەتانیاهۆ ڕای گەیاند، بەردەوامین لە لێدانی حزبوڵا و فراوانکردنی ناوچەی دابڕێنراو لە باشووری لبنان، ئەوەش لەپێناو بەرگریکردن لە دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل.
هەروەها دووپاتی کردەوە کە ڕژێمی ئێران لە هەموو کاتێک لاوازترە و گوتی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا بەردەوام دەبین لە تێکشکاندنی ئەو ڕژێمە.
سەرۆک وەزیرانی حكوومەتی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، خاپوورکردنی کارگەکانی پۆڵا لە ئێران، گورزێکی گەورە لە سەرچاوە ئابوورییەکانی سوپای پاسداران و تواناکانی بۆ دروستکردنی چەک دەوەشێنێت. گوتیشی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل توانیویەتی نزیکەی 70٪ـی تواناکانی دروستکردنی پۆڵا لە ئێران لەناو ببات.
لە کۆتایی قسەکانیدا نەتانیاهۆ ئەوەشی خستە ڕوو کە بەردەوام دەبن لە تێکشکاندنی ڕژێمی ئێران، کوشتنی سەرکردەکانیان، تەقاندنەوەی پردەکان و خاپوورکردنی ژێرخانی ئەو وڵاتە.