یەکێک لە فڕۆکەوانەکەی ئەمەریکا لە ناو خاکی ئێران ڕزگار کرا

:: PM:07:30:03/04/2026 ‌
دوو بەرپرسی ئەمەریکی بە تۆڕی "سی بی ئێس نیوز"یان ڕاگەیاند، هێزە تایبەتەکانی وڵاتەکەیان توانیویانە یەکێک لە ئەندامانی تیمی ئەو فڕۆکە جەنگییەی جۆری (F-15) کە لە ناو خاکی ئێران کەوتبووە خوارەوە ڕزگار بکەن، تا ئێستەیش گەڕان بەدوای فڕۆکەوانی دووەمدا بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەکانی "سی بی ئێس نیوز" و ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" کە لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلی و سەرچاوەیەکی ئاگەدارەوە بڵاویان کردووەتەوە، هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دۆزینەوەی تیمی فڕۆکە جەنگییەکە ئەنجامداوە و سەرکەوتوو بوون لە ڕزگارکردنی یەکێکیان.

ئاماژە بەوەیش کراوە، ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمەریکی لە ئاسمانی ئێران پێکراوە و کەوتووەتە خوارەوە، تا ئێستەیش لە هەوڵدان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەندامی دووەمی تیمی فڕۆکەکە لە ناوچەکە بەردەوامە.

ئەمڕۆ میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمەریکی لەلایەن ئێرانەوە خرایە خوارەوە.

لەمبارەیەوە کارۆلین لیڤیت گوتەبێژی کۆشکی سپی رای گەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئاگەدار کرایەوە لەبارەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە.


وشە - پێشەنگ مەحموود