بریکارە فیدراڵییەکانی ئەمەریکا دوو کەس لە خزمەکانی قاسم سلێمانییان گرت

:: PM:06:48:04/04/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو چواری نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕای گەیاند، بریکارە فیدراڵییەکان دوو کەس لە خزمەکانی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسیان گرتووە، کە لە ساڵی 2020 بە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمەریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژرا.

لە ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا کە دەست "وشە" کەوتووە، هاتووە، ڤیزای مانەوەی ئەو دوو کەسە لە ئەمەریکا هەڵوەشێنراوەتەوە. هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە یەکێک لە خزمەکانی سلێمانی پڕوپاگەندەی بۆ ڕژێمی ئێران کردووە و ئاهەنگی بۆ هێرشکردنە سەر سەربازانی ئەمەریکا گێڕاوە، هاوکات پاڵپشتیی خۆی بۆ ڕژێمی ئێران دەربڕیوە.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا خراوەتە ڕوو کە مارکۆ ڕووبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مافی مانەوەی یاسایی هەمیشەییی هەردوو خزمەکەی قاسم سلێمانی کۆتایی پێ هێناوە، هاوکات مافی مانەوەی هەمیشەییی کچەکەی عەلی لاریجانیشی هەڵوەشاندووەتەوە.

لەلای خۆیەوە مارکۆ ڕووبیۆ سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی مافی مانەوەی خزمەکانی قاسم سلێمانی دووپاتی کردەوە و گوتی، ڕێ نادەین وڵاتەکەمان ببێتە پەناگەیەک بۆ ئەو کەسانەی پاڵپشتی لە ڕژێمە تیرۆریستییەکان دەکەن.


وشە - پۆڵا مەحموود