بارەگەیەكی حەشدی شەعبی لە پارێزگای سەڵاحەدین بۆردمان كرا

:: PM:07:52:04/04/2026 ‌

ئەمڕۆ هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران چووە ناو شەشەم هەفتە و بەردەوامە، هاوكات شەڕی ئاسمانیی ئەمەریكا و میلیشیاكان لە عێراق بەردەوامە، ئەمڕۆ بارەگەیەكی میلیشیاكان لە پارێزگای سەڵاحەدین كرایە ئامانج.

دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، لە سەعات 1745ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو، بارەگەی لیوای 31ی حەشدی شەعبی لە سنووری كەرتی ئۆپراسیۆنەكانی سەڵاحەدین لە ناوچەی سینییە كرایە ئامانجی درۆنێكی ئەمەریكی ئیسرائیلی، بەڵام بەهۆی هێرشەكەوە زیانی گیانی نەبووە. 

هەر ئەمڕۆ چەند هێرشێكی یەك لە دوای یەك بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای بەسرە ئەنجام درا و بەو هۆیەوە سێ‌ عێراقی لە كێڵگەی رومێلە بریندار بوون كە بە درۆن هێرشیان كراوەتە سەر، هاوكات بە درۆن هێرش كراوەتە سەر كێڵگەی مەجنوون لە رۆژئاوای بەسرە. 

هەر لە عێراق كۆمپانیای KBR كرایە ئامانج و زیانێكی زۆری بەر كەوتووە، بەڵام زیانی گیانی لە كۆمپانیاكە نییە. پێشتریش هێرش كرایە سەر كۆمپانیای "مەجال"، كە لە ناوچەی بەرجسییە كار دەكات و لەگەڵ كۆمپانیای "شلمبێرگەر"ی ئەمەریكی كە لە كێڵگەی رومێلە كار دەكات.

هەر ئەمڕۆ دەنگی چەند تەقینەوەیەكی بەهێز لەسەر سنووری عێراق و كوێت بیسترا، عومەر وائیلی سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق رای گەیاند، بەهۆی ئەو هێرشەی كراوەتە سەر دەراوزەی سنووری شەلامچە لە سەر سنوروی ئێران، دەراوزەكە داخراوە و لە هێرشەكەش كەسێك كوژراوە و پێنج كەسیش بریندارن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل