ئەمڕۆ شەموو چواری نیسانی 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، دووپاتی کردەوە کە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسیی تیشکدانەوە دەکاتەوە.
لە نامەیەکدا کە ئاراستەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کراوە، عێراقچی هۆشداری داوە لە لێکەوتە قورسە مرۆیی و ژینگەیییەکانی ئەو هێرشانەی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان.
عێراقچی ئاماژەی بە بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمەریکا و ڕژێمی ئیسرائیل کردووە بۆ سەر چەندان دامەزراوە و پێگەی ئەتۆمی کە لەژێر چاودێریی کۆماری ئیسلامیی ئێراندان، بەتایبەتی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر کە وێستگەیەکە تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانە تەرخان کراوە و بەپێی سیستەمی گەرەنتییە گشتگیرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کار دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوە كردەوە کە ئەو هێرشە نایاساییانە تەواوی ناوچەکە دەخەنە بەردەم مەترسییەکی گەورەی پیسبوون بە تیشکدانەوە، ئەمەش مەترسیی لێکەوتەی قورس لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە دروست دەکات، بۆیە نابێت بێدەنگیی لێ بکرێت یان پشتگوێ بخرێت.
لە بەشێکی تری نامەکەدا هاتووە، لە کەمتر لە نۆ مانگدا ئەمەریکا وەک سەرپەرشتیارێکی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، هەروەها ئیسرائیل کە لە دەرەوەی پەیماننامەکە کار دەکات، دوو جەنگی دوژمنکارانەیان دژی ئێران بەرپا کردووە، لە هەردوو کاتەکەشدا دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران ڕووبەڕووی هێرش و بۆردمان بوونەتەوە. ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی پارێزەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، نەک تەنیا کەمتەرخەم بوون لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی کاریگەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە، بەڵکوو تەنانەت ئامادە نەبوون سەرکۆنەی ئەو کارە نایاساییانەش بکەن.
عێراقچی لە درێژەی نامەکەیدا ڕوونی کردووەتەوە، ئێستە بەرپرسە باڵاکانی ئەمەریکا بوێریی ئەوەیان هەیە ڕای بگەیەنن کە دامەزراوە ئەتۆمییەکان یەکێکن لە ئامانجەکانیان، نوێنەرایەتیی هەمیشەییی ئەمەریکاش لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاشكرا ڕای گەیاندووە کە هێرشکردنە سەر وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر بەدوور نازانرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە ئەم پشتگوێخستنە دەرەنجامی ڕاستەوخۆی کەمتەرخەمیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییە لە گرتنەبەری هەر هەنگاوێک بەرانبەر بەو کارانەی ئەمەریکا و ئیسرائیل.
لە نامەکەدا ئاماری هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان خراوەتە ڕوو و تێیدا هاتووە، دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز لە یەکی ئاداردا دوو جار ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە، هەروەها لە 17ـی ئاداردا باڵەخانەیەک کە تەنیا 350 مەتر لە وێستگەی بوشەهرەوە دوورە، کراوەتە ئامانج.