ئەمەریکا بەفەرمی ئیسرائیلی ئاگادار کردەوە کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتە بنبەست

:: PM:09:12:04/04/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو چواری نیسانی 2026، دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ڕای گەیاند، ئەمەریکا بەفەرمی ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتە بنبەست و لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری وەزیرێکی ئیسرائیلییەوە گواستراوەتەوە کە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان واشنتن و تاران زۆر کەمە.

هاوکات کەناڵی 13ـی عیبری لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە دووپاتی کردەوە، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی حكوومەتی ئیسرائیل، ئامانجی نوێی بۆ لێدان لە ئێران پەسەند کردووە. سەرچاوەکە ئەوەشی زیاد کردووە کە چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا ئەمەریکا گڵۆپی سەوز بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزەی ئێران هەڵبکات.

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ـی ئەمەریکی لە زاری دوو سەرچاوەی بەشداربووی دانوستانەکانەوە بڵاوی کردەوە، ئێران تا ئێستە هەر پێشنیازێکی بۆ ئاگربەستی کاتی ڕەت کردووەتەوە و داوای کۆتاییهاتنی هەمیشەییی جەنگ دەکات لەگەڵ گرەنتیی ڕوون بۆ ئەنجامنەدانی هێرش لە داهاتوودا. سەرچاوەکان بۆ ماڵپەڕە ئەمەریکییەکە ئەوەشیان دووپات کردووەتەوە کە نێوەندگیرەکان هێشتا هەوڵ دەدەن واشنتن و تاران کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ بکەن، بەڵام بێسوود بووە.

لە نوێترین هەڵوێستی ئێران لەبارەی تەنگژەی گەرووی هورمز، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە زاری عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بڵاوی کردەوە، ناوبراو لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەمسا دووپاتی کردووەتەوە کە ڕێوشوێنەکانیان لە گەرووی هورمز لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا یەک دەگرنەوە، کەشتییە نادوژمنکارییەکانیش دەتوانن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێراندا پێیدا تێپەڕن.

پێشتریش لەمڕۆدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیال نووسیویەتی، لەبیرتانە کاتێک 10 ڕۆژم بە ئێران دا بۆ ڕێککەوتن یان کردنەوەی گەرووی هورمز؟ کات خەریکە تەواو دەبێت.. تەنیا 48 سەعات ماوە پێش ئەوەی نەفرەتی دۆزەخیان بەسەردا ببارێت.

هەفتەی ڕابردوو ترەمپ دووپاتی کردبووەوە کە سەرەتا ئێران داوای لێ کردووە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر وێستگەکانی وزەی ئێران بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ڕابگرێت، بەڵام ئەو بڕیاری داوە 10 ڕۆژیان پێ بدات، بەوەش دوا مۆڵەت دەبێتە شەشی نیسان بە کاتی ناوخۆ.

لە ئێستەدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایەتی هەڵکشانێکی سەربازیی بێوێنەیە، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمەریکا لە 28ـی شوباتی 2026 ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەشیان دژی ئێران دەست پێ کرد، وەک وەڵامێک بۆ ئەوەی ناویان نا "هەڕەشەکانی ئێران". لەو کاتەوە سوپای پاسدارانی ئێران بە پاڵپشتیی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، چەندان هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل و بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی کەنداو ئەنجام داوە.


وشە - پۆڵا مەحموود