مۆنت كارلۆ: هێرشی میلیشیاكان فراوانتر بووە و عێراقی تۆقاندووە

:: AM:11:10:05/04/2026 ‌
ماڵپەڕی مۆنت كارلۆی فڕەنسی ئاشكرای دەكات، حكوومەتی عێراق تۆقیوە لە فراوانبوونی هێرشی میلیشیاكان، چونكە دوێنێ‌ بە چڕی كراوەتە سەر دامەزراوەكانی وزە.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، ماڵپەڕی رادیۆی مۆنت كارلۆ راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا باس لەوە دەكات، عێراق ترسی لە بەرزبوونەوەی لێكەوتەكانی جەنگی ئێران هەیە و هاوكات لەوەیش دەترسێ‌ كە هێرشی میلیشیاكان كوشندەتر و فراوانتر بووە.

مۆنت كارلۆ ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، دوێنێ‌ هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر دامەزراوەكانی وزە لە باشووری عێراق "لە بەسرە و میسان" زیاد بووە، بە دەیان مووشەك و درۆن ئاراستەی دامەزراوەكانی نەوت كراون.

مەترسیی عێراق لە دوو خاڵە، یەكەمیان ئەو هێرشانە بۆ سەر دامەزراوەكانی وزە كاریگەریی بۆ سەر هەناردەی نەوت و بەرهەمهێنانی گاز و دابینكردنی كارەبا دەبێت. خاڵی دووەمیش ئەوەیە لەگەڵ زیادبوونی هێرشی میلیشیاكان، ئەوا ئەمەریكایش هێرشەكانی بۆ سەر بارەگای میلیشیاكان لە ناو عێراق زیاتر دەبێت.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل