مەدا: هیچ ئاماژەیەك بۆ رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكوومەت نییە

:: PM:01:47:05/04/2026 ‌
رۆژنامەی مەدا لە زاری ئەندامانی هاوپەیمانە شیعییەكان بڵاوی كردووەتەوە، هەرچەندە 140 رۆژ بەسەر هەڵبژاردن تێپەڕیوە و تەنیا شەش رۆژ بۆ دوایین وادەی دانیشتنی پەرلەمان ماوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەك بۆ رێككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی حكوومەت نییە.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، رۆژنامەی مەدا بڵاوی كردووەتەوە، 140 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێپەڕیوە، تەنیا شەش رۆژیش ماوە بۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق كە تایبەت دەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەڵام هیچ ئاماژەیەك بۆ رێككەوتن نییە.

بڕیارە لە 11ی ئەم مانگە دانیشتنێكی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەڕێوە بچێت، بەرپرسان لە هاوپەیمانە شیعییەكان پێشبینی دەكەن، هاوشێوەی دانیشتن و وادەكانی تر، ئەو دانیشتنەیش سەركەوتوو نەبێت. هۆكارەكەیش ئەوەیە هیچ ئاماژەیەك بۆ رێككەوتن نییە، هەرچەندە كەمێك گفتوگۆ لە ئارادایە. 

بەشێك لە لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێداگریی لەسەر كاندیدبوونی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەكەن، هەرچەندە پێشبینی سەركەوتنیان ناكرێت. فەهد جبووری ئەندامی رەوتی حیكمە كە عەمار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات دەڵێ‌، "پێم وانییە ئێمە بەو دانوستاندنانە بە چارەسەرێك بگەین، هێشتا دەوڵەتی یاسا پێداگریی لەسەر كاندیدبوونی نووری مالیكی دەكات، بابەتی كاندیدكردنەوەی سوودانی روون نییە، میكانیزمی هەڵبژاردن بە سەرۆك كۆمار روون نییە". 

ئەو بەرپرسەی رەوتی حیكمە باس لەوەیش دەكات، سەرەڕای رەتكردنەوەی مالیكی، ئەمەریكا پەیامی بە لایەنە شیعەكان داوا كە كاندیدبوونی سوودانیش قبووڵ ناكات.

لە 20ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوەچووە، بەگوێرەی دەستووری عێراق سەرۆك كۆمار لە پەرلەمان دێتە هەڵبژاردن، ئەویش كاندیدی گەورەترین فراكسیۆن رادەسپێرێت بۆ ئەوەی حكوومەت پێكبهێنێت. 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل