قالیباف بۆ ترەمپ: جموجۆڵەكانتان ئەمەریكا دەكاتە دۆزەخ

:: PM:08:14:05/04/2026 ‌

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا چەند جارێك هەڕەشەی لە ئێران كرد، تارانی لە نێوان كردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز و وێرانكردن سەرپشك كرد، لە بەرانبەردا محەمەد قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، لە وەڵامی سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی كرد كە ئەو دۆزەخەی باسی دەكەن هەموو خێزانێكی ئەمەریكی دەگرێتەوە.

قالیباف لە وەڵامی هەڕەشەكانی ئەمڕۆی دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، جموجۆڵە بێماناكانتان ئەمەریكا دەكاتە دۆزەخێكی راستەقینە بۆ هەموو خێزانێكی ئەمەریكی، بەهۆی سووربوونتان لەسەر گوێڕیەڵی بۆ فەرمانەكانی نەتنیاهۆ، تەواوی ناوچەكە دەسووتێنن. خەیاڵ مەكەن، بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ هیچ شتێك بەدەست ناهێنن و تاكە چارەسەری راستەقینە رێزگرتنە لە مافەكانی گەلی ئێران و كۆتاهێنانە بەو یارییە مەترسیدارە. 

لای خۆیەوە نێردەی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەك دووپاتی كردەوە كە هەڕەشەكانی سەرۆكی ئەمەریكا نیازی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ ئاشكرا دەكات، داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد رێگری لە كارە شەڕانگێزەكانی بكات، جارێكی تر بە ئاشكرا هەڕەشەی لەناوبردنی ژێرخانی مانەوەی هاووڵاتییانی ئێران دەكات، ئەو دەیەوێ ناوچەكە بەرەو شەڕێكی بێ كۆتایی رابكێشێت، دەبێت ئێستە جموجۆڵ بكرێت، چونكە سبەی كات بۆ ئەوە لەدەست چووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل