پەرلەمانتارێكی پێشوو: دانیشتنی 11ی ئەم مانگەی پەرلەمان شكست دێنێت

:: PM:09:34:05/04/2026 ‌

دوای مشتومڕێكی زۆر سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق 11ی ئەم مانگەی وەك وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاری كرد، كە جیا لە ناكۆكیی كورد، ناكۆكیی شیعەش لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران هەیە، پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق پێی وایە لەبەر چەند هۆكارێك دانیشتنەكەی پەرلەمان سەر ناگرێت.

سائیر جبووری پەرلەمانتاری پێشوو گوتی، بەپێی خوێندنەوەی دۆخی ئێستەی سیاسیی عێراق، جیا لە لێكەوت و كاریگەریی رووداوەكانی ناوچەكە، بەتایبەتی ئاڵۆزییەكانی پێوەست بە ئێران، ئاماژە بۆ زەحمەتیی یەكلابوونەوەی ئەو پۆستە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان هەیە.

زیاتر گوتی، ئەو دۆخە شپرزەی لە ناوچەكە هەیە راستەوخۆ كاردانەوەی لەسەر گۆڕەپانی ناوخۆی سیاسی لە عێراق هەیە، بەربەست دەخاتە بەردەم گەیشتن بە سازانی كۆتایی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بۆیە ئەگەری هەیە دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوا بخرێت یان هێواشی لە بەردەوامبوون لە تەواوكردنی دۆسیەكە بكرێت.

ئاماژەی كرد، تا ئێستە زۆرێك لە هێزە سیاسییە كاریگەر و گەورەكان بە روونی هەڵوێستی خۆیان لەو پرسە رانەگەیاندووە، ئەوەش وا دەكات بژارەكان كراوە بن، بەتایبەتی لە سایەی نەبوونی رێككەوتنێكی گشتی كە نیسابی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامان بۆ سازكردنی دانیشتنەكە و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆكار مسۆگەر بكات.

جبووری دووپاتی كردەوە، تا ئێستە هێزە كوردییەكان هەڵوێستیان لەبارەی كاندیدی هاوبەش یەكلا نەكردووەتەوە، ئەوەش دۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووە، بۆیە ئاماژەكانی هەن بەرەو دواخستنی دانیشتنەكەی پەرلەمانن تا كاتی تەواوبوونی گفتوگۆ سیاسییەكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل