هاوئاهەنگیی موقاوەمەی عێراقی ئەنجامدانی 21 هێرشی لە رۆژێكدا راگەیاند

:: PM:09:10:06/04/2026 ‌

لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق كەوتنە بۆردمانكردنی بنكە سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە، ئەمڕۆ هاوئاهەنگیی موقاوەمەی عێراقی رای گەیاند كە لە ماوەی رۆژێكدا 21 هێرشیان ئەنحام داوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی هاوئاهەنگییەكە، چەكدارانی بەرگریكاری ئیسلامی لە عێراق لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو 21 هێرشیان لە رێگەی دەیان درۆن بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە ئەنجام داوە.

ئەمە و پێنجشەمی رابردوو هاوئاهەنگییەكە بەهۆی شەڕی ئێران، هێرشی توندی كردە سەر حكوومەتەكانی وڵاتانی ناوچەكە لەوانە لە سعوودیە و ئیمارات و ئوردن، داوای لە حكوومەتی عێراق كرد بۆ سزادانی ئوردن بە داخستنی دەروازەی سنووری لەگەڵی و وەستانی پێدانی نەوت بەو وڵاتە.  

لە ماوەی رابردوو وڵاتانی كەنداو و ئوردن سەركۆنەی هێرشی میلیشیاكانی عێراقیان كرد و داوایان لە عێراق كرد رێگری لەو هێرشانە بكات كە لەسەر خاكەكەی دەكرێتە سەریان، لەوانە وەزارەتی دەرەوەی كوێت دوو جار كاربەڕێكەری كونسولخانەی عێراقی بانگهێشت كردووە و یاداشتی ناڕەزایەتی پێ داوە و داوای لە عێراق كردووە بە پێویستی راگرتنی هێرشی میلیشیاكان لەسەر خاكەكەی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل