سوپای پاسداران كردنەئامانجی بنكەی ڤیكتۆریا لە بەغدا رادەگەیەنێت

:: PM:09:21:06/04/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، میلیشیا شیعەكان لە هێرشەكانیان بۆ سەر بەرژوەندییەكانی ئەمەریكا بەردەوامن، لەوانە بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەكانی لە بەغدا و هەولێر، ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند كە جیا لە بنكەیەكی سوپای ئەمەریكا لە كوێت، بنكەی ئاسمانیی ڤیكتۆریا لە فڕۆكەخانەی بەغدا و چەند شوێنێك لە هەرێمی كوردستان كراونەتە ئامانج.  

لە بەیاننامەیەكی فەرماندەی پێوەندییەكانی گشتیی سوپای پاسداران هاتووە، بنكەی عدێری لە كوێت و بنكەی ڤیكتۆریا لە بەغدا و چەند شوێنێكی تریان لە هەرێمی كوردستان كردووەتە ئامانج، ئەو هێرشانەش لە چوارچێوەی 98مین شەپۆلی تێكهەڵكێش و فرەوانە لە هەڵمەتی "وەعد سادق4".

بەپێی بەیاننامەكە بنكەی عدێری لە كوێت بە درۆن و مووشەك هێرشی كراوەتە سەر و بەو هۆیەوە شوێنی هەلیكۆپتەر و حەشارگەی سوپای ئەمەریكا كراوەتە ئامانج، هاوكات بنكەی ئاسمانیی ڤیكتۆریا لە بەغدا لە لایەن موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق كراوەتە ئامانج، جیا لە پێنج شوێنی حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان بە درۆن هێرشیان كراوەتە سەر. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل