شارەزایان: ناكۆكی و دابەشبوونی سیاسی رێگرە لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار

:: PM:09:49:06/04/2026 ‌

بڕیارە شەمووی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دانیشتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ساز بكات، شارەزایان پێیان وایە كێشەی بەردەم دانیشتنەكە تەنیا تەواوبوونی نیسابی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامان نییە، بەڵكو رێككەوتن و سازانی سیاسی نەكراوە، ئەوەش كێشەیەكی گەورەیە و ناكۆكییەكانیش تەنیا پێوەست نییە بە ناو ماڵی كورد.

ئەحمەد خزر توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات كە ناكۆكییەكان لەناو پەرلەمانی عێراق تەنیا پێوەندی بە دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە نییە، بەڵكو چەند فایلێكی تری گرتووەتەوە وەك پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان، ئەوەش بەرجەستەی قووڵیی دابەشبوونی سیاسی لە عێراق دەكات.

زیاتر گوتی، تا ئێستە رێكنەكەوتنی هەردوو حزبی كوردی، واتە پارتی و یەكێتی، گرێ كوێرەی سەرەكییە لەبەردەم یەكلاكردنەوەی دۆسیەی سەرۆك كۆمار، لەوكاتەی تا ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر میكانیزمێكی روون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران رێك نەكەوتووە، ئەوانەش وا دەكەن ئەنجامی دانیشتنی چاوەڕوانكراوی پەرلەمان مسۆگەر نەبێت. 

لای خۆیەوە غالب دەعمی مامۆستای راگەیاندن دەڵێت، دیارە ئەمڕۆ هێزە سیاسییەكانی عێراق لەو دۆخەی وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت دابڕاون و ئەوان سەرقاڵی ململانێ و بەرژەوەندییە تەسكەكانی خۆیانن، لە كاتێكدا عێراق رووبەڕووی ئاڵنگاریی بێ وێنەی تەناهی و ئابووری دەبێتەوە، بۆیە بەردەوامیی ئەو ئاكارە سیاسییە، دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی بێمتمانە لە نێوان شەقام و دەستەبژێری فەرمانڕەوا، بەتایبەتی بەهۆی پەكخستنی بەركەوتە دەستوورییەكان لە هەر خولێكی هەڵبژاردندا.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل