ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنالی ئەمەریكی ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و دووپات لەوە دەكاتەوە، بێهیوایی بە هەوڵەكان بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن لە نێوان ئەمەریكا و ئێران، بە ڕوونی بەر لە كۆتایی ئەو مۆڵەتەی ترەمپ بە تارانی داوە دیارە، دانوستاندكاران ڕەشبینن بەوەی ئێران وەڵامی داواكانی ترەمپ بداتەوە و گەرووی هورمز بە ڕووی كەشتییەكان بكاتەوە.
لە ڕاپۆرتێكی
ڕۆژنامەكەدا هاتووە، دانوستاندكاران بە تەواوی ڕەشبینن لەوەی ئێران بە دەم داواكەی ترەمپەوە بێ و بەر لە ئێوارەی سێشەم، گەرووی هورمز بكاتەوە و ترەمپیش بەڵێنی داوە كە قسەكانی خۆی بگەیەنێتە جێ و بۆردمانی وێستگەكانی وزە و پردەكان و ژێرخانی ئێران بكات، ئەمەیش جەنگ و گرژییەكان دەباتە قۆناغێكی ئاڵۆز و قورسترەوە.
بەرپرسانی ئەمەریكا دەڵێن، بۆشاییەكی فراوان لە هەڵوێست و بۆچوونی نێوان واشنتن و تاران لەبارەی وەستاندنی جەنگ بوونی هەیە، ترەمپ بە مۆڵەتدان بە ئێران ویستوویەتی ئەو بۆشاییە فراوانە بەرتەسك و بچووك بكاتەوە، بەر لەوەی ماوەی مۆڵەتەكەی كۆتایی بێت.
بەرپرسانی ئێران بە وڵاتانی ناوەندگیریان ڕاگەیاندووە، پێشبینی دەكەن كە ئەمەریكا بەردەوام بێ لە بۆردمانكردنی شوێنە گرنگەكانی وڵاتەكەیان و ئیسرائیلیش نەوەستێت لە بە ئامانجگرتنی بەرپرسان و سەركردەكانی ڕژێمی ئێران، تەنانەت لەو كاتەی كە دانوستاندنیش لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بوونی هەبێت.
چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی دەڵێن، ترەمپ هیچ گەشبین نەبووە بە گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران، چاوەڕوان دەكرێ فەرمانی كۆتایی خۆی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم بە وەزارەتی جەنگ بدات.
سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، هەوڵەكانی پاكستان و میسر و توركیا بۆ گەیاندنی پەیامەكان لە نێوان ئێران و ئەمەریكا لە ڕێگەی كەناڵی دیپلۆماسییەوە، ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە و بەهۆی كوشتنی زۆرینەی سەركردەكانی ئێران، قورسە بۆ واشنتن سەرانی ڕاستەقینەی ئێران بدۆزێتەوە و دانوستاندنیان لەگەڵ بكات.