ئەمڕۆ سێشەم حەوتی نیسانی 2026، سوپای ئیسرائیل داوای لە گشت کەشتییەکانی ناوچە دەریاییەکانی کەناراوەکانی باشووری لبنان کرد بەپەلە ناوچەکە جێبهێڵن و بەرەو باکوور تا شاری سووڕ بڕۆن، ڕوونیشی کردەوە کە چالاکییەکانی حزبوڵا "مەترسی" لەسەر پارچە دەریاییەکانی ناوچەی نێوان سووڕ و ڕەئس ناقوورە دروست دەکات.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕای گەیاند، سوپا ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە هەر هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراو لە بواری دەریاییدا.
لەلایەکی ترەوە، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە کە سەربازێکی ئیسرائیلی کوژراوە و چەند سەربازێکی تریش لە میانی پێکدادانە چەکدارییەکان لە باشووری لبنان بریندار بوون.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەمووەوە ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و تۆپخانەییی کردووەتە سەر 67 ناوچە لە لبنان کە زۆربەیان لە باشوورن، بەهۆیەوە 20 کەس کوژراون و 78 کەسی تریش بریندار بوون.
هاوکات بەرەی لبنان شایەتی هەڵکشانێکی مەیدانیی بێوێنە بوو، دوای ئەوەی حزبوڵا زیاتر لە 40 مووشەکی ئاراستەی ئۆردوگاکانی باکوور و جەلیل کرد، بەهۆیەوە چەند کەسێک لە نەهاریا بریندار بوون و ئاگرێکی فراوانیش کەوتەوە.