سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێكی نوێی راگەیاند بە ناوی "تاریكی هەتاهەتایی" كە لە سەر خاكی لبنان ئەنجامی دەدات و دووپاتیشی دەكاتەوە سەتان پێگەی حزبوڵای كردووەتە ئامانج یەكێك لەوان ماڵی سەرۆكی ئەو میلیشیایەیە.
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسان سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێكی نوێی راگەیاند بە ناوی "تاریكی هەتاهەتایی" ئەم ئۆپراسیۆنە تایبەتە بە حزبوڵا. بەگوێرەی میدیای عەرەبی ئەو هێرشانەی ئەمڕۆ ئیسرائیل ئەنجامی داوە، دەیان ساڵ دەبێت رووداوی هاوشێوەی نەبووە. ئاژانسی رۆیتەرزیش بە گەورەترین هێرش ناوی دەبات.
وەزارەتی تەندروستی لبنان دەڵێ، "بە سەتان كەس كوژراو وبریندارن" ماڵپەڕی كەناڵی ئەلعەرەبیەیش دەڵێ، "300 كەس كوژراون".
سوپای ئیسرائیل بە فەرمی راگەیاندووە، 100 پێگەی حزبوڵایان كردووەتە ئامانج و بەرپرسانی حزبوڵای كوشتووە. لەنێو هێرشەكان هێرش كراوەتە سەر ماڵی نەعیم قاسم سكرتێری گشتی حزبوڵا و ماڵی نەبیل بەری سەرۆكی پەرلەمان.
وێرای ئەوەی ئاگربەست لە نێوان ئەمەریكا و ئێران كراوە، كەچی ئیسرائیل دووپاتی دەكاتەوە لە هێرشەكانی بۆ سەر حزبوڵا بەردەوام دەبێت. دووی مانگی رابردوو حزبوڵا لە بەرژوەندی ئێران هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، ئەمڕۆیش ئاگربەستی راگەیاندووە.
حزبوڵا لە چەندان وڵات خراوەتە لیستی تیرۆرەوە و لە لبنانیش بە رێكخراوێكی نایاسایی لە قەڵەم دراوە.