بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم بەر لە تەواوبوونی وادەكەی لە لایەن ئەمەریكا بۆ ئێران دیاری كرابوو بۆ رێككەوتن و كردنەوەی گەرووی هورمز، هەردوولا بە ناوەندگیریی پاكستان بە رێككەوتن رازی بوون، ئیسرائیل كە لایەنێكی سەرەكیی شەڕەكە بوو، لە وێرانكردنی ئامانجەكانی حزبوڵای لبنانی بەردەوامە، ئەوەش وای كردووە لە ئێران داوای داخستنەوەی گەرووی هورمز بكرێت.
ئیبراهیم رەزائی گوتەبێژ بەناوی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران لە وەڵامی بەردەوامیی هێرشە وێرانكەرەكانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا لە لبنان، داوای داخستنەوەی گەرووی هورمز دەكات، زیاتر گوتی، وەك وەڵامێك بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان، پێویستە راستەوخۆ هاتوچۆی كەشتییەكان بە گەرووی هورمز بوەستێت، دەبێت ئاگربەستەكە تەواوی بەرەكان بگرێتەوە، پێویستە گورزێكی بەهێز لە ئیسرائیل بدرێت بۆ راگرتنی هێرشەكانی بۆ سەر لبنان.
ئەمڕۆ چوارشەم سوپای ئیسرائیل توندترین هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر لبنان ئەنجام دا، لە ماوەی 10 خولەك 100 شوێنی كردە ئامانج، وەك وەزارەتی تەندروستیی لبنان رای گەیاند بەو هۆیەوە سەتان كەس كوژران و بریندار بوون، ئەو دەڵێت ئەو هێرشانە لە وەڵامی هێرشەكانی حزبوڵایە بۆ سەر ئیسرائیل.