دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم ئەمەریكا و ئێرن بە ناوەندگیریی پاكستان گەیشتنە رێككەوتنێكی ئاگربەست و كردنەوەی گەرووی هورمز، ئیسرائیل لە هێرشەكانی بۆ سەر حزبوڵای لبنانی بەردەوامە و تا ئێستە سەتان هێرشی كردووەتە سەر لبنان، لە وەڵامدا جیا لە ئێران كە هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و كشانەوە لە رێككەوتنی ئاگربەست دەكات، میلیشیا شیعەكانی عێراق ئەوانیش ترسیان لێ نیشتووە و كەوتوونەتە هەڕەشە.
ئەمڕۆ چوارشەم
ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری گشتیی كەتیبەكانی سەید شوهەدا، كە یەكێكە لە گرووپە زۆر وابەستەكان بە سوپای پاسدارانی ئێران و نووسینگەی رابەری باڵای ئەو وڵاتە، داوای لە سەركردایەتیی بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی كرد بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل لە وەڵامی بۆردمانەكانی بۆ لبنان و پێشێلكردنی ئاگربەست، ئەو دووپاتی كردەوە كە شەڕ لە دژی ئیسرائیل و چەند وڵاتێك لە ناوچەكە بەردەوامە.
وەلائی لە بەیاننامەیەك داوای لە سەركردایەتیی بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی كرد بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بەهۆی هێرشەكانی بۆ سەر لبنان، بە پێویستی زانی شەڕی كراوە لەگەڵ ئیسرائیل و چەند وڵاتێك لە ناوچەكە وەك ئیمارات و بەحرێن و هیتریش، بەردەوام بێت.
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەك لە سووریا ئاماژەی كرد كە بنكەی سەربازیی قەسرك، كە بنكەیەكی ئەمەریكییە لە شاری حەسەكە، دوو هێرشی بە درۆن لە عێراقەوە كراوەتە سەر، ئەوەش دوای چەند سەعاتێك لە راگەیاندنی رێككەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە ناوەندگیریی پاكستان.