میلیشیاكانی عێراق بە ئاگربەست پابەند دەبن؟

:: PM:09:56:08/04/2026 ‌

ئەمەریكا و ئیسرائیل چاوێكیان لەسەر ئێرانە و چاوەكەی تریان لەسەر میلیشیاكانی، شەوی رابردوو جارێكی تر بۆردمانی ناوەندی پاڵپشتیی دیپلۆماسیان لە فڕۆكەخانەی بەغدا كرد، لە بەسرەش هەڵیان كوتایە سەر كونسوڵگەی كوێت، هەفتەی رابردوو كچەرۆژنامەوانێكی ئەمەریكییان رفاند، ئەوان بە تەواوەتی بوونەتە بەشێك لە شەڕی ئەمەریكا و ئێران، هەموو ئەوانە لە سایەی بێدەنگیی حكوومەت، بۆیە شارەزایان پێیان وایە دەبێت بابەتی ئەوان چارەسەر بكرێت.

ئێستە لە لبنان ئیسرائیل كەوتووەتە بۆردمانكردنی چڕی حزبوڵا، لە ئەگەری چارەنووسێكی هاوشێوەی میلیشیاكانی عێراق لە دوای ئاگربەستی ئێران و ئەمەریكا، سەفا ئەعسەم شارەزای تەناهی پێی وایە دۆخی لبنان و عێراق جیاوازە، چونكە حكوومەتی عێراق هەوڵ دەدات و پابەندە بە رێگرتن و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەكان. 

روونی كردەوەن عێراق و میلیشیاكان پابەندن بە رێككەوتنی ئاگربەستە دوو هەفتەییەكە و رێگە بە پێشێلكاری نادرێت، لە لبنان دۆخەكە جیاوازە، چونكە ئەو وڵاتە بەشێك نییە لە رێككەوتنی ئاگربەست، بە گشتی لە عێراق حكوومەت توانای كۆنترۆڵكردنی دۆخەكەی هەیە، سەبارەت بە میلیشیاكان پلانێك بۆ یەكخستنیان لەگەڵ هێزە فەرمییەكان هەیە و هەمووان پێی رازین و لە چەند مانگی داهاتوو جێبەجێ دەكرێت. 

لای خۆیەوە سەرمەد بەیاتی شارەزای تەناهی دەڵێت، تا ئێستە دیمەنەكە روون نییە و 24 سەعات بەسەر ئاگربەستەكە تێپەڕ نەبووە، میلیشیاكان لە رووی بیروباوەڕەوە بە ئێران وابەستەن، بۆیە تا ئێستە دیار نییە بە نیازی چین، چونكە بوونی میلیشیا لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بە بەردەوام هۆكاری بوونی هەڕەشەیە، بابەتی یەكخستنی ئەوان لەگەڵ هێزە تەناهییەكان ئاڵۆزە و لەبەر دەست نییە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل