رۆژێك بەر لە رێككەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئەمەریكا و ئێران، لە دوای بۆردمانێكی مووشەكی بۆ خانووێك لە بەسرە كە سێ كەسی تیادا كوژرا و ژمارەیەكیش بریندار بوون، لایەنگرانی میلیشیاكان هەڵیان كوتایە سەر باڵوێزگەی كوێت لە بەسرە، بەو هۆیەی مووشەكەكە لە خاكی كوێتەوە هەڵدراوە، ئەوان چوونە ناو باڵوێزگەكە و ئاڵای كوێتیان داگرت، ئەمەریكا سەركۆنەی ئەو هێرشە دەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەم نووسینگە كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك سەر بە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، ئەمەریكا بە توندترین شێوە سەركۆنەی هێرشەكەی سەر باڵوێزگەی كوێت لە بەسرە لە 7ی ئەم مانگە دەكات.
زیاتر هاتووە، پێویستە حكوومەتی عێراق لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران بكات و گرووپە تیرۆریستییە عێراقییەكانی هاوپەیمان لەگەڵ ئێران، كە هێرشەكەیان ئەنجام داوە لێك هەڵبوەشێنێتەوە، كە تا ئێستەش خاكی عێراق و سەرچاوەكانی بۆ تۆقاندنی ناوچەكە بەكار دێنن.
سێشەمی رابردوو لە دوای هێرشێكی مووشەكی كە خانووێكی لە خۆر زوبێر لە بەسرە كردە ئامانج، كە گومان دەكرێت سەر بە گرووپێكی چەكداری عێراقی بووبێت و سێ كەسی تیادا كوژرا، دەیان خۆپێشاندەر كە ئاڵای حەشدی شەعبیان بەرز كردبووەوە، هەڵیان كوتایە سەر باڵوێزگەی كوێت لە شاری بەسرە و ئاڵای كوێتیان لەسەر تەلارەكە داگرت.