خامنەیی: شەڕمان ناوێت بەڵام دەستبەرداری مافەکانمان نابین

:: PM:08:55:09/04/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسانی 2026، لە پەیامێکیدا موجتەبا خامنەیی ڕێبەری ئێران، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 40 ڕۆژ بەسەر کوژرانی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشوو، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا دووپاتی لە پێویستیی بەردەوامیی ئامادەیی گەل لە مەیدانەکەدا کردەوە، بە هەمان شێوەی قۆناغی ڕابردوو.

خامنەیی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، ئامادەیی خەڵک لە ماوەی 40 ڕۆژی ڕابردوودا هۆکارێکی گرنگ بوو، بۆیە پێویستە بەم گوڕوتینەوە بەردەوام بێت. هەروەها دەڵێت، ئێران بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەستبەرداری مافەکانی خۆیشی نابێت. ئەو ئەوەشی خستە ڕوو کە لووتبەرزەکانی جیهان ڕاستیی خۆیان ئاشکرا کرد کاتێک دەستیان بۆ کوشتنی منداڵەکانمان برد.

ڕێبەری ئێران ئەوەشی گوت کە هێزە چەکدارەکان، سەرەڕای ئەو زیان و گورزانەی بەریان کەوتووە، توانییان ئاراستەی شەڕەکە بۆ سەرکەوتنێکی گەورە بگۆڕن.

جێی باسە، عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ئێران، لە 28ی شوباتی 2026، لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازیی هاوبەشی "ئەمەریکا - ئیسرائیل" دژ بە ئێران کوژرا.


وشە - پۆڵا مەحموود