رائید فەهمی: دەوڵەتی عێراق بەرانبەر بە گرووپە چەكدارەكان بێتوانایە

:: PM:09:52:09/04/2026 ‌

لە ماوەی شەڕی 40 رۆژەی ئەمەریكا و ئێران، میلیشیاكانی عێراق لەبەر چاوەی حكوومەتی عێراق كەوتنە بۆردمانكردنی نێردە دیپلۆماسییەكان لە بەغدا و هەولێر، جیا لە كردنەئامانجی وڵاتانی ناوچەكە، سكرتێری لیژنەی ناوەندیی حزبی شیوعی عێراق دووپاتی كردەوە كە دەوڵەتی عێراق توانای وەرگرتنی رێوشوێنی بەرانبەر بە هێرشبەران بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەكان نییە.

رائید فەهمی گوتی، بەغدا و هەرێمی كوردستان رووبەڕووی بۆردمانی مووشەك و درۆن بۆ سەر باڵوێزخانە و ئامانجە جیاجیاكان بوونەوە، هەندێكی پێوەندییان بە لایەنی تەناهی و سەربازیی عێراقەوە هەبوو، بەشێك لە بۆردمانەكان سەرچاوەكەیان بە وردی دیاری نەكراوبوو، رەنگە ئەمەریكی یان ئیسرائیلی بووبن، ئەوانە بارەگەی حەشدی شەعبیان دەكردە ئامانج و بەتەواوەتی لە لایەن حكوومەت و فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانەوە سەركۆنەكراو بوون. 

سەبارەت بە هێرشی سەر نێردە دیپلۆماسییەكان زیاتر گوتی، یان دەوڵەت توانای وەرگرتنی رێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی بەرانبەر بە تێوەگلاوان لەو هێرشانە نییە لەبەر هۆكاری سیاسیی پێوەندیدار بەو لایەنانەی لە پشتەوەیانن، یان بە تەواوەتی خواستی ئەو كارەی نییە، لە هەردوو حاڵەتدا دەردەكەوێت كە دەوڵەت كۆنترۆڵی دۆسیەی تەناهی ناكات و رووبەڕووی هەندێك هێز دەبێتەوە كە ناتوانێت بە ئاسانی بەسەریاندا زاڵ بێت.  

فەهمی دووپاتی كردەوە كە چیتر شاراوە نییە هەندێك لە گرووپە چەكدارەكان لە چوارچێوەی بەشداریكردنیان لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل دوور لە هاوئاهەنگیی لەگەڵ حكوومەت شوێن و ئامانجی دیاریكراو بۆردمان دەكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل