نەتەنیاهۆ: لەسەر داوای حكوومەتی لبنان دەست بە دانوستان دەکەین

:: PM:10:10:09/04/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی ئایاری 2024، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دووپاتی کردەوە کە بڕیاری دانوستان لەگەڵ لبنان لەسەر داوای حكوومەتی ئەو وڵاتە بووە، ئاماژەی بەوەش دا کە ئیسرائیل چوار ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی واژوو کردووە.

نەتەنیاهۆ لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕای گەیاند، شەڕ لە لبنان ناوەستێنین تا ئاسایش بۆ دانیشتووانی باکوور نەگەڕێتەوە، حزبوڵا چەک نەکرێت و ڕێککەوتنێکی ئاشتی بەدەست نەهێنرێت. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو دەستکەوتە گەورانەی دژی ئێران و بەرەی مقاوەمە بەدەست هاتوون، بوونەتە هۆی گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە پێگەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا. گوتیشی، ئەو دەستکەوتانە وایان کردووە پێوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا گۆڕانکارییان بەسەردا بێت کە پێشتر لە ناو بازنەی پێوەندییەکانماندا نەبوون.

هەروەها ڕای گەیاند کە ڕێنوێنیی ئەنجوومەنی وەزیرانی بچووکی کردووە بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لبنان، ئەمەش دوای داواکارییەکانی حكوومەتی لبنان بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ئاشتی. دووپاتی لەوەش کردەوە کە ئامانج لەو دانوستانانە، چەککردنی حزبوڵا و گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی مێژوویی و بەردەوامە لە نێوان ئیسرائیل و لبنان. ئەو گوتی، بە تەمام بەرەو ئاشتییەکی ڕاستەقینە لە پێگەیەکی بەهێزەوە هەنگاو بنێم، ئێستە ئیسرائیل لە هەموو کاتێک بەهێزترە و ئێرانیش لە هەموو کاتێک لاوازترە.

لە لایەکی ترەوە، لە ڕۆژی چوارشەمەوە لبنان ڕووبەڕووی پەرەسەندنێکی سەربازیی توند بووەتەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەمەش شەپۆلێکی ڕەخنەی نێودەوڵەتیی لێ کەوتووەتەوە بەتایبەتی لەلایەن بەریتانیا، فڕەنسا، ئوسترالیا، چین، ئیسپانیا، ئیمارات، قەتەر، قوبرس، نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕووسیا و تورکیا.



وشە - پۆڵا مەحموود