ئەمڕۆ هەینی 10ی نیسانی 2026، خۆسێ مانوێل ئالباریز وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا، دووپاتی کردەوە کە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بەشداری لە هیچ ئۆپراسیۆنێکی سەربازی ناکات بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز.
لێدوانەکەی ئالباریز، تەنیا یەک ڕۆژ دوای ئەوە دێت کە کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تاران ڕاگەیاند.
هەفتەی ڕابردوو ئەلیسۆن هارت گوتەبێژی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی، دووپاتی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، پێشبینی دەکات هاوپەیمانەکانی لە ناو ناتۆ بەڵێنی ڕژد بدەن بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز، ئەمەش دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ مارک ڕووتە سکرتێری گشتیی هاوپەیمانییەکە. هارت ڕوونی کردەوە کە ڕووتە هاوبەشەکانی ئاگادار کردووەتەوە لەو شتانەی لە کۆبوونەوەکانی واشنتن ڕوویان داوە، و ئاماژەی بەوەش دا کە دیارە واشنتن چاوەڕوانی بەڵێن و ڕێوشوێنی ڕاستەقینە دەکات بۆ مسۆگەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕەخنەکانی بۆ هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) نوێ کردەوە و بە هاوپەیمانییەکی "بێ ئومێدکەر" وەسفی کرد.
هاوکات بەپێی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایان گەیاندووە کە ترەمپ بیر لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەندێک لە وڵاتانی ناتۆ دەکاتەوە. بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەمەریکا پلان دادەنێت بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەو وڵاتانەی ناتۆ کە پاڵپشتیی هەوڵە جەنگییەکان ناکەن دژ بە ئێران، و دەیەوێت لەو وڵاتانە جێگیریان بکات کە پاڵپشتیی شەڕەکە دەکەن.
هەروەها ئاماژەیان بەوەش داوە کە ڕەنگە پلانەکانی ئەمەریکا داخستنی بنکەیەکی ئەمەریکیش لەخۆ بگرێت لە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا، کە پێ دەچێت ئیسپانیا یان ئەڵمانیا بێت.