ئێران مەرجی تێپەڕبوونی کەشتییەکانی ئەمەریکا لە گەرووی هورمز ئاشکرا دەکات

:: PM:02:49:10/04/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 10ی نیسانی 2026، سەعید خەتیبزادە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، بە میدیای وڵاتەکەی ڕای گەیاند کە کەشتییەکانی ئەمەریکا دەتوانن بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕن، بەو مەرجەی "ڕەفتاری دوژمنکارانەیان نەبێت."

خەتیبزادە ئاماژەی بەوە دا، گەرووی هورمز کراوەیە، بەڵام پێویستە کەشتییەکان بەهۆی سنووردارکردنی تەکنیکییەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئێران بکەن. هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئەوان لە ڕێگەی ئەو کەناڵە تەناهییانەی لە گەرووەکەدا هەیانە، تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان دابین دەکەن.

ئەم لێدوانەی بەرپرسانی ئێران لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان تاران و واشنتن، تا ئێستە تەنیا ژمارەیەکی کەم لە کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمەریکا لە پاکستان، شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕەخنەی توندی لە تاران گرت و لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی (ترووس سۆشیاڵ) نووسیویەتی، ئێران لە ڕێگەدان بە تێپەڕبوونی نەوت بە گەرووی هورمزدا زۆر لاواز ڕەفتار دەکات، هەندێک تەنانەت دەڵێن بێشەرمانەیە. ئەمە ئەو شتە نییە کە لەسەری ڕێککەوتبووین.


وشە - پۆڵا مەحموود