میلیشیای حەشد: لە هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل 79 كوژراو 269 بریندارمان هەیە

:: PM:09:15:10/04/2026 ‌
میلیشیای حەشدی شەعبی رای گەیاند بە هۆی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل 79 چەكدار كوژراون و 269 ی تریش بریندارن.

 ئەمڕۆ هەینی 10ی نیسان میلیشیای حەشدی شەعبی لە عێراق لە راگەینراوێكدا ئاماری كوژراو و بریندارەكانی بڵاو دەكاتەوە و روونی دەكاتەوە ئامارەكە لە 28ی شوباتەوە تا هەشتی نیسان دەگرێتەوە. 

لە كاتی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و ئەمەریكا و ئیسرائیل، میلیشیاكانی عێراق لە بەرژوەندی ئێران هێرشیان دەكردە سەر هەرێمی كوردستان و بەغدا و چەند ناوچەیەكی تر گوایە بەرژوەندییەكانی ئەمەریكا دەكەنە ئامانج، لە بەرانبەر نزیكەی 200 جار لەلایەن ئەمەریكاوە هێرشیان كرایە سەر. 

بەگوێرەی ئامارێكی نافەرمی زیاتر لە 50 كەس لە خەڵكی سڤیل بە هۆی هێرشی میلیشیاكانەوە لە هەرێمی كوردستان و بەغدا بوونەتە قوربانی.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل