لە دوای شكستهێنانی دانوستانەكانی دوێنێی ئەمەریكا و ئێران لە پاكستان، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پەنای بۆ یەكەم هەنگاو و كارتی گوشار بۆ سەر ئێران برد، بۆ ناچاركردنی بۆ سازشكردن لە دانوستانەكان، كە شەش رۆژ لە ئاگربەستە 14 رۆژییەكە تێپەڕیوە، بەڵام ئەمەریكا چ سوودێك لەو هەنگاوە دەبینێت؟
بەپێی
راپۆرتەكان ئەمەریكا گەمارۆ دەخاتە سەر هاتوچۆی كەشتییەكان بە گەرووەكە تا گەیشتن بە هاتوچۆی هەمووان بێ جیاوازی، واتە ئەمەریكا كۆنترۆڵی هاتوچۆی گەرووەكە دەكات، جیا لە راوەدوونان و دەستگرتن بەسەر ئەو كەشتییانەی رسوومات بە ئێران دەدەن، لەناوبردنی مینە دەریاییەكانی ئێران چاندوونی، هەر ئێرانییەك تەقە لە هێزەكانی ئەمەریكا یان كەشتییەكان بكات، لەناو دەبرێت، واتە بەكارهێنانی هێزی سەربازی بۆ سەپاندنی گەمارۆكە.
وڵاتانی تریش بەشداری لە گەمارۆكە دەكەن كە بەمنزیكانە جێبەجێ دەكرێت، واتە كردنی بابەتەكە بە فرەلایەنی نێودەوڵەتی، ئەگەر ئێران پەنا بۆ هێزی سەربازی ببات، لەناوی دەبەن، بابەتی سەپاندنی گەمارۆكە لە دوێنێوە دەستی پێ كراوە و هەردوو كەشتی وێرانكەری هەڵگری مووشەكی ئاراستەكراوی "یو ئێس ئێس پیترسۆن جۆنیۆر" و "یو ئێس ئێس مایكل مێرڤی"، بە گەرووەكەدا تێپەڕ بوون و دەستیان بە هەڵگرتنەوەی مینەكان كرد.
جاك كین ئەفسەری خانەنشین دەڵێت، ئەمەریكا دەتوانێت گەمارۆ بخاتە سەر هێڵی هەناردەكردنی نەوتی ئێران یان كۆنترۆڵی دوورگەی خارگ بكات، كە 90%ی نەوتی ئێران لەو رێگەوە هەناردە دەكرێت، ئێستە گەمارۆی گەرووی هورمز بریتییە لە رێگرتن لە هاتوچۆی كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی ئێران لە دەریای عەرەب و دەوروبەری، گەمارۆی تەواوەتی دەخرێتە سەر هاتوچۆی كەشتییەكان بەرەو ئێران، بەوەش سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی ئەو وڵاتە پەك دەخرێت.