قالیباف: ملكەچی هیچ هەڕەشەیەك نابین

:: PM:09:54:12/04/2026 ‌

لە دوای گەڕانەوەی لە پاكستان، محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران و سەرۆكی شاندی وڵاتەكەی لە دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا رای گەیاند كە وڵاتەكەی ملكەچی هەڕەشەكانی ئەمەریكا نابێت و وریایی دا لەوەی جارێكی تر خواستی تاران تاقی بكەنەوە. 

زیاتر گوتی، دانوستانێكی رژد و چڕ و پڕ بە ئاڵنگاریمان ئەنجام دا، نیازپاكیی ئێرانمان پێشان دا و پێشوەچوون لە دانوستانەكان هەبوو، ئێمە هەر لە سەرەتاوە رامان گەیاند كە متمانە بە ئەمەریكییەكان ناكەین، دیواری بێمتمانەیی 77 ساڵە هەیە و لە كەمتر لە ساڵێك دووجار لە ناوەڕاستی گفتوگۆكان هێرشیان كردووتە سەرمان، بۆیە دەبێت سەرەتا متمانەی ئێمە بەدەست بێنن، كە ئەوەش سەختە و بەهۆی پاشگەزبوونەوەیان پێویستی بە كاتێكی زۆر هەیە.  

قالیباف دووپاتی كردەوە، هەڕەشەكان كار لە گەلی ئێران ناكات و سەلماندمان كە رادەستی هەڕەشەكان ناین، بۆیە ئەگەر ئەمەریكا بەدوای دەربازێك دەگەڕێت، تاكە رێگە بڕیاردان و بەدەستهێنانی متمانەی گەلی ئێرانە، ئێوە قەرزداری گەلی ئێرانن و تا ئێستە زۆرتان لەپێشە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی، ئەگەر شەڕتان دەوێ شەڕ دەكەین و ئەگەر بە لۆجیك بێنە پێشەوە بە لۆجیك مامەڵە دەكەین، سەرمان بۆ هیچ هەڕەشەیەك دانانوێنین و با جارێكی تر ویستی ئێمە تاقی بكەنەوە بۆ ئەوەی وانەیەكی گەورەتریان پێ بدەین.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل