جەنگیز چاندار: مانگی پێنج بەیاسا گەڕانەوەی چەكداران و ئازادكردنی گیراوان جێبەجێ دەكرێت

:: AM:08:28:13/04/2026 ‌
جەنگیز چاندار ڕای گەیاند، ئامادەكارییە یاساییەكان بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی پرۆسەی ئاشتی بەردەوامن. چاندار ئاماژەی بەوەدا كە پاكێجی گرنگی یاساكان لە مانگی ئایار یان حوزەیرانی ئەمساڵدا دەگاتە پەرلەمانی توركیا.

جەنگیز چاندار پارلمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) بەشداریی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا كرد و لەبارەی  قۆناخی نوێی پرۆسەی ئاشتی گوتی، لەبەر هۆكاری تەكنیكی و سیاسی دەركردنی یاسا لە مانگی نیساندا ئیمكانی نییە. بەڵام جەختی لەوە كردەوە كە بەهێزترین ئەگەر ئەوەیە لە كۆتاییەكانی مانگی ئایار و سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2026دا، بە فەرمی هەنگاوی یاسایی بنرێت.
پەرلەمانتاری پارتی DEM وردەكارییەكانی پێشبینیكراوی لە پاكێجی یاساییدا بەم شێوەیە خستۆتە ڕوو:

1ـ ڕەخساندنی بەستێنی یاسایی بۆ گەڕانەوەی ئەو كەسانەی لە شاخدان بۆ ئەوەی كە  بەشداری لە ژیانی سیاسی و دیموكراتیكدا بكەن.

2ـ ئازادكردنی گیراوەكان و گەڕانەوەی ئەو كەسانەی كە لە ئەوروپادا پەنابەرن، لە بەرنامەی پرۆسەكەدایە.

ئەم لێدوانەی چاندەر لەكاتێكدایە كە جەودەت یڵماز جێگری سەرۆك كۆماری توركیا دوای سەردانێكی دوو ڕۆژەی بۆ ئامەد، پەیامی گرینگی دابوو. یڵماز لە لوتكەی جیهانی كاردا سەرنجی خستبووە سەر گۆڕانكارییەكانی سووریا و ئێران و گوتبووی كە ئاشتی ناوخۆیی بووەتە پێویستییەكی ستراتژیك بۆ ئاسایشی توركیا.

جەودەت یڵماز لە ئامەد بەڵێنی دابوو كە حكوومەت هەنگاوە یاساییەكان خێراتر دەكات، هەروەها داوای لە دەم پارتی كردبوو كە لەم قۆناغەدا بەتایبەتی لەسەر پرسی چەكدانان بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ، بۆ ئەوەی پرۆسەكە سەركەوتوو بێت.



وشە - سۆران عەزیز