ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، كەسایەتیی دیار و باڵای ناو سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، كەناڵی پێوەندیكردنیان لەگەڵ واشنتن كردووەتەوە، بۆ ئەوەی لە هەر گۆڕانكارییەكی ڕژێمی ئێران پێگە و هەژموونی سیاسی و ئابووری بەدەست بهێننەوە.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، ئەو جووڵە نهێنییانە لە پەراوێزی دەركەوتنی محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی شاندی ئێران بۆ دانوستاندنەكان دێت، چونكە ئەو ئێستە ڕووی سەرەكیی دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی و دانوستاندنكردنە لەگەڵ سەرانی ڕۆژئاوا، دەیڤد ئەگناتیۆس نووسیویەتی، قالیباف بەهۆی ئەوەی سەرۆكی شاندی ئێرانە، كاریگەریی بەهێزی لەسەر شاندی ئەمەریكا جێهێشتووە و بە دانوستاندكارێكی لێهاتوو و ڕێكخراو ناویان بردووە، وەك كاندیدێكی بەهێز بۆ سەركردایەتیكردنی ئێران لە قۆناغی داهاتوو ناوی دەبەن.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو گەڕەی دانوستاندنی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە ئیسلام ئاباد، تەنیا ئاڵۆزی و سووربوونی هەردوولای لەسەر بۆچوونەكان ئاشكرا نەكرد، بەڵكو جۆرێك لە گۆڕانگاری لە ژێرخانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانیش دروست كردووە، زۆر لە سەرانی سوپای پاسداران دەیانەوێ دەستەبەری داهاتووی سیاسی و سەربازیی خۆیان لە ئێرانی نوێ بكەن، ئەمەیش پێچەوانەوەی ئەو ڕەوتەیە لە ناوخۆی ئێران كە خەریكی دووبارە كۆكردنەوەی دەسەڵات و ڕژێمە لە وڵاتەكە.
لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، بەستەڵەكی دانوستاندنەكان و كۆتاهاتنی گفتوگۆكان، پێویستی بە جەنگی ڕاستەوخۆ نییە، چونكە تا ئێستەیش ئێران گەمارۆی ئابووری لەسەرە و دەتوانێ وەك كارتێكی فشار لە دژی ئێران بەكاری بهێنێت، بۆ ئەوەی هێرشی فراوان بۆ سەر ئەو وڵاتە ئەنجام بدات.
سەرۆكی ئەمەریكا نایەوێ خۆی تێكەڵ بە هیچ ململانێیەكی چەكداری ماوە درێژ بكات و دركی بە مەترسییە گەورەكان و لێكەوتە چاوەڕواننەكراوەكانی كردووە، كە هەر هێرشێكی فراوان بۆ سەر ئێران بە دوای خۆیدا دەیهێنێت.
ئێستە حكوومەتی ئەمەریكا بە ئاراستەی چڕكردنەوەی گەمارۆی ئابووری بۆ سەر ئێران هەنگاو دەنێت، تا تاران تووشی هەرەسێكی گەورەی ئابووری دەبێ و لەو ڕێگەیەوە ناچار دەبێ شێوازی بیركردنەوە و هەڵوێستەكانی بگۆڕێت و تكا بكات، بۆ ئەوەی ئەمەریكا دانوستاندنیان لەگەڵ بكەن.
ئەو شێوازی مامەڵەكردنە دووبارەكردنەوەی پرەنسیپێكی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا دوایت ئایزنهاوەرە كە چوارچێوەی كێشەكانی فراوانتر دەكرد تا ئاراستەی چارەسەر پاڵی پێوە بنێت. جیا لەوەیش سەرچاوەكان باس لە دەستەوارەی تیفانی دەكەن، كە هەڵمەتێكی ئابوورییە خۆی لە هەڵگرتنی سزاكان و بەخشینی تایبەتمەندیی زۆر فراوان بە تاران لە بەرانبەر دەستهەڵگرتنی ئێران لە بەرنامەی ناوكی و مووشەكی و پارەداركردنی گرووپە چەكدارەكانی ناوچەكە بە ئێرانی دەدەن.
چاودێران دووپات لەوە دەكەنەوە، هەر چۆنێك بێت، ئێستە دۆخی جەنگ كۆتایی هاتووە و ئەمەریكا لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی خۆی بە دوور دەگرێ و لەبری ئەوە، كار بە پەستانی تەواو دەخاتە سەر ئێران و ناچاری دەكات بە حیساباتەكانیدا بچێتەوە، بێ ئەوەی جەنگێكی كراوە لە دژی تاران ڕابگەیەنێت.