ترەمپ هێرش دەكاتە سەر پاپا

:: AM:10:29:13/04/2026 ‌

سەرۆكی ئەمەریكا لە میانەی لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیاكاران، هێرشی كردە سەر پاپای ڤاتیكان و گوتی، من لەوانە نیم كە سەرسامی پاپ لیۆی چواردەیەم بم، ئەمەیش دوای ئەوە دێ كە ڕۆژی شەموو پاپا بانگەوازی ئاشتی جیهانی ڕاگەیاند.

ترەمپ لە بنكەی ئەندرۆزی ئاسمانی هاوبەش لە ویلایەتی ماریلاند گوتی، من لەوانە نیم سەرسامی پاپ لیۆ بم، ئەو كەسێكی زۆر لیبراڵە و پیاوێكە باوەڕی بە ڕیشەكێشكردنی تاوان نییە و نەرمی بەرانبەر وڵاتێك دەنوێنێت كە دەیەوێ ببێت بە خاوەنی چەكی ئەتۆم.

شەموو پاپ لیۆی چواردەیەم كە بە ڕەچەڵەك ئەمەریكییە، داوای لە سەركردەكانی دنیا كرد كە كۆتایی بە جەنگەكان بهێنن و گوتی، بەسە بۆ خۆپەرستی و پارە پەرستی و پێشاندانی هێز و جەنگ.

سەرۆكی ئەمەریكا لە پۆستێكی لە تروس سۆشیال گوتی، نامەوێ باوەڕ بەوە بكەم كە پاپ ڕازییە بەوەی ئێران خاوەنی چەكی ئەتۆمی بێت.

سەرەڕای ئەو ڕەخنانەی ترەمپ لە پاپا، واشنتن و ڤاتیكان ڕەتیان كردەوە كە ناكۆكی فەرمی لە نێوانیان بوونی هەبێت، بەرپرسێكی ڤاتیكان ئەو زانیارییانەی ڕەت كردەوە كە بەرپرسێكی باڵای پنتاگۆن، ناڕەزایی گەیاندبێتە نێردەی كەنیسە لە ئەمەریكا بەهۆی ڕەخنەكانی پاپ لە حكوومەتی ترەمپ.

ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر پێگەی زە فری پرێس بڵاوی كردەوە، پنتاگۆن بانگهێشتی كاردینال كریستۆف پییەری كردووە و هۆشداریی لەلایەن بریدج كۆلی یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ سیاسەت پێدراوە، بەڵام پنتاگۆن ئەمەی بە تەواوی ڕەت كردەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د