مالیكی ئامادەیە سازش بۆ كەسێك بكات متمانەی پێ بێت و دوو سیناریۆی نوێش لە ئارادان

:: AM:10:49:13/04/2026 ‌
رۆژنامەی سەباح بڵاوی كردەوە، دوو سیناریۆ بۆ حكوومەتی نوێ لە ئارادایە، یەكەمیان نوێكردنەوەی خولی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سوودانییە، دووەمیشیان هەڵبژاردنی كاندیدێكی چارەسەرە كە لەلایەن هێزە جیاجیاكانەوە قبووڵ بكرێت.

شرۆڤەكاران و چاودێرانی سیاسی ئاماژە بە دوو ئەگەری سەرەكی دەكەن لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، یەكەمیان نوێكردنەوەی خولی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سوودانییە، دووەمیشیان هەڵبژاردنی كاندیدێكی چارەسەرە كە لەلایەن هێزە جیاجیاكانەوە قبووڵ بكرێت.

وەلا جیزانی گوتەبێژی فراكسیۆنی بەدر ئاشكرای كردووە: چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەی چوارچێوەكە رێكبخرێت بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران.

لای خۆیەوە فیراس موسەلەماوی گوتەبێژی فراكسیۆنی "ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان" رای گەیاندووە: كۆبوونەوەكانی سەرۆك وەزیران لەگەڵ هێزە سیاسییە جیاجیاكان، رێككەوتنی سەرەتایی لێكەوتەوە كە پاڵپشتی سەقامگیریی سیاسی و بەهێزكردنی رێبازی چاكسازیی ئابووری و خزمەتگوزاری بكات. 

گوتووشیەتی: پێوەرە سیاسییەكانی ئێستە چانسی مانەوەی سوودانی لە پۆستەكەیدا بەهێزتر دەكەن، بە لەبەرچاوگرتنی توانای بەدەستهێنانی هاوسەنگی لە پێوەندییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان.

لە تازەترین پێشهاتی ئەو پرسەشدا، زیا ناسری سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشكرای كرد، نووری مالیكی ئامادەیی دەربڕیوە سازش بۆ كاندیدێك بكات كە متمانەی پێی بێت.

ناسری لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە كرد: مالیكی ئامادەیە سازش بۆ كەسێك بكات متمانەی پێی بێت، نزیك بێت لە تێگەیشتن و لە ناو رەوتەكەی بێت یان نزیك بێت لێوەی، ئامادەیە ئەمەش بە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بگەیەنێت.

گوتیشی: لەناو رەوتەكەی مالیكی كاندیدی تر هەیە و مالیكی دەیەوێت بەم هەنگاوە ئەوە بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڵێت، دەستی نەگرتووە بە كاندیدبوونەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەماڵی عەمار حەكیم لە بەغدا كۆببنەوە و لەو ماوەیەی پەرلەمان بۆی داناون، سەرۆك وەزیران دەستنیشان بكەن.


وشە - سۆران عەزیز