چین بۆ واشنتن و تاران: ئارام بن و ددان بەخۆتاندا بگرن

:: AM:11:24:13/04/2026 ‌

كوە جیا كون گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی چین، ئەمڕۆ دووشەم داوای ئارامی و ددانبەخۆداگرتنی لە واشنتن و تاران كرد و ئامادەیی پەكینیشی دەربڕی بۆ خستنەڕووی هەر هاوكارییەك بە ئامانجی گەیشتنی هەردوو وڵات بە ڕێككەوتن.

گوتەبێژەكە بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەوەیشی گوت، پێویستە لەسەر هەردوولا پابەندی بێدەنگی و ددانبەخۆداگرتن بن و ئاگربەست درێژەی هەبێ و كۆتایی بە كردە دوژمنكارییەكان بهێنرێت، لە پێناوی گەرەنتی سەلامەتی و ئاسایشی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز.

لە بەشێكی تری قسەكانی ئاماژەی دا، ئەوان ئامادەن كار لەگەڵ هەردوولا بكەن، تا گەرەنتی سەلامەتیی گەیشتنی نەوت و غاز بێ هیچ كۆسپێك بگاتە بازاڕی وزەی دنیا و دنیا ڕووبەڕووی تەنگژەی ئابووری نەبێتەوە.

هاوكات ڕوونی كردەوە، پاراستنی گەرووی هورمز و تێپەڕینی سەلامەتیی كەشتییەكان، خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، بۆیە هیواخوازین واشنتن و تاران پابەندی بەردەوامیدان بە ئاگربەست بن و تەواوی هەوڵە سیاسییەكانی خۆیان بخەنەگەڕ، تا ململانێكان كۆتاییان پێ بێ و بگەن بە ڕێككەوتن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د