به‌ریتانیا جارێكی تر پشتی كرده‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا

:: AM:11:34:13/04/2026 ‌

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەبارەی بڕیارەكەی ئەمەریكا بۆ سەپاندنی گەمارۆی سەربازی بەسەر گەرووی هورمز و بەندەرەكانی ئێران لە كەنداو گوتی، پشتیوانی ئەو بڕیارە ناكەین.

كیەر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە  چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕادیۆی بی بی سی 5 لایڤ كە بڕیارە قسە بۆ خەڵكی مانچستەر بكات و باسی گرانبوونی كەلوپەلە پێویستەكانی ژیان بكات،  لە سەرەتای دیدارەكەی پرسیار لەبارەی سەپاندنی گەمارۆ بەسەر گەرووی هورمز لەلایەن ئەمەریكا و هەڵوێستی بەریتانیا كرا، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە گوتی، بە هیچ شێوەیەك پشتیوانی گەمارۆ خستنە سەر گەرووی هورمز و بەندەرەكانی ئێران ناكەین.

لە بەشێكی تری قسەكانی كیەر ستارمەر گوتی، بەریتانیا ئێستە كار لەسەر كردنەوەی گەرووی هورمز دەكات، گەمارۆ خستنەسەری پێچەوانەی ویستی ئێمەیە، بۆیە پشتیوانی لەو هەنگاوە ناكەین،  تەنیا بە كردنەوەی گەرووی هورمز دەتوانین نرخی وزە كەمتر و كەمتر بكەینەوە و بار و گوزەرانی خەڵك باشتر ببێتەوە.

لەبارەی ئەوەی كە ئەو هەنگاوەی ترەمپ هەوڵێكە بۆ بەرزكردنەوەی نرخی وزە لە ئەوروپا و بەریتانیا وەك تۆڵەكردنەوەیەك لە پشتیوانی نەكردنی ئەمەریكا لەلایەن لەندەن و برۆكسلەوە، سەرۆك وەزیران خۆی لە وەڵامی پرسیارەكە دزییەوە و گوتی، گرنگترین شت ئەوەیە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو دۆسیەیە كۆ بكەینەوە، بۆ ئەوەی  گرژییەكان كەم بكرێنەوە و گەرووی هورمز بكرێتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د