سەرۆكی فڕەنسا ئیمانوێل ماكرۆن ئەمڕۆ دووشەم ئاشكرای كرد، بەمنزیكانە پاریس دەچێتە پاڵ لەندەن و كۆنگرەیەك بۆ دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز تا كەشتییەكان بە ئازادانە پێیدا تێپەڕن ئەنجام دەدەن، هەموو ئەركێكی دەریایی هێزەكانیش بۆ بەرگری لەخۆكردن دەبێت.
ئیمانوێل
ماكرۆن لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، لە ڕۆژانی داهاتوودا لەگەڵ بەریتانیا و كۆمەڵێك وڵاتی تر كۆنگرەیەك ساز دەكەین، ئامانج لێی تاوتوێكردنی كردنەوەی ئاشتییانەی گەرووی هورمزە، لە ئەركێكی ئاشتی فرەڕەگەزدا، وەك ئاماژەیەك بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێكی فرەنەتەوە بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز.
لە بەشێكی تری قسەكانی سەرۆكی فڕەنسا دووپاتی لەوە كردەوە، پێویستە ڕێگەچارەیەك بۆ دووبارە گێڕانەوەی ئاشتی بۆ لبنان بدۆزرێتەوە و بە گرنگیشەوە باسی لەو كارە كرد، بە پێویستیشی زانی هەموو هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە، تا كۆتاییەكی هەمیشەیی بۆ ململانێكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی دیپلۆماسی بگیرێتەبەر.
ئەو قسانەی ماكرۆن لە كاتێكدایە، دوێنێ یەكشەم دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا، هەڕەشەی سەپاندنی گەمارۆی بەسەر گەرووی هورمزدا كرد و دووپاتی كردەوە، ڕێگە بە هاتن و چوونی كەشتییەكان بۆ بەندەرەكانی ئێران نادەن و هێزی سەربازی لە ئاوە نێودەوڵەتییەكان بڵاو دەكەنەوە، هاوكات فەرماندەی ناوەندی هاوبەشی هێزەكانی ئەمەریكا سێنتكۆم، ئەمڕۆ سەعات 10 بە كاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریكا ئەو بڕیارە دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.