ئەمڕۆ دووشەم 13ی نیسانی 2026، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمەریکی وردەکاریی دانوستانەکانی لە پاکستان ئاشکرا کرد، و ڕوونی کردەوە کە شاندی دانوستانکاری ئێران، پێشنیازی کردووە چاودێریی پیتاندنی یۆرانیۆم بکرێت لەبری ئەوەی بەتەواوی بوەستێنرێت.
ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە گواستیەوە کە ئەمەریکا پێشنیازی کردووە ئێران ڕازی بێت بە وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 20 ساڵ، ئەوەش لە میانی ئەو دانوستانانەی لە کۆتایی هەفتەدا لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە چوون. هەروەها ئەمەریکا داوای لە ئێران کردووە گشت یۆرانیۆمە پیتێنراوەکان لە ئاستێکی بەرزدا لە وڵاتەکە بباتە دەرەوە. بەپێی دوو سەرچاوەکە، ئێرانییەکان گوتوویانە کە لەبری ئەوە ڕازی دەبن بە پڕۆسەیەکی چاودێریکردن بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندن.
سەرچاوەکان دەڵێن، ناکۆکییەکان لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی ئێران، بەتایبەتی لەسەر ئەوەی ئایا تاران ڕازی دەبێت پیتاندنی یۆرانیۆم بوەستێنێت و دەستبەرداری کۆگاکانی ئێستەی بێت، خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکان بووە کە ڕێگر بووە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن. هاوکات ئاماژە بەوە دراوە کە نێوەندگیرە پاکستانی، میسری و تورکەکان، ئێستە هەوڵ دەدەن ئەو بۆشاییانەی ماون پڕیان بکەنەوە و بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ پێش کۆتاییهاتنی ئاگربەست لە 21ی نیسان.
سەرەڕای نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، ئێرانییەکان پێیان وابوو کە تا بەیانیی ڕۆژی یەکشەم لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی نزیک بوونەتەوە، بەڵام بە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا تووشی سەرسووڕمان بوون. جێگری سەرۆک هیچ ئاماژەیەکی بە نزیکبوونەوەی ڕێککەوتن نەدا و سەرکۆنەی ئێرانییەکانی کرد، هەروەها جێهێشتنی ئیسلام ئابادی لەلایەن شاندی ئەمەریکییەوە ڕاگەیاند.
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار گوتی، ئێرانییەکان لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە تووڕە بوون. لای خۆیەوە مەحموود نەبەویان ئەندامی پەرلەمانی ئێران و بەشێک لە تیمی دانوستانکاری ئێرانی، ئەمڕۆ دووشەم ڕای گەیاند، "ئەو دوو داواکارییەی ئەمەریکا سەبارەت بە دۆسیەی ناوکی، هۆکاری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن بوون".