ئەمڕۆ دووشەم 13ی نیسانی 2026، بەرپرسێک لە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ئاشکرای کرد کە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی بەریتانیا، ئەرکی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز لە ئەستۆ دەگرێت. لە لایەکی ترەوە، فڕەنسا دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا و ئێران لە ئەرکی هاوپەیمانییە نوێیەکە ئاگادار دەکرێنەوە.
تۆڕی هەواڵی "ئێم ئێس ناو" لە زاری بەرپرسەکەی ناتۆوە گواستیەوە کە ئەو هاوپەیمانییەی بەریتانیا سەرۆکایەتیی دەکات، زیاتر لە 40 وڵات لەخۆ دەگرێت و ئەرکی کردنەوەی گەرووی هورمز دەگرێتە ئەستۆ کە لەلایەن ئێرانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە. هاوکات سەرچاوەیەکی فڕەنسی بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ڕاگەیاند کە تاران و واشنتن لە ئەرکەکە ئاگادار دەکرێنەوە بەبێ ئەوەی هیچ ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆیان تێیدا هەبێت، و دووپاتی کردەوە کە "کەشتییەکان دڵنیایی دەدەن بەبێ ئەوەی سروشتێکی دوژمنکارانەیان هەبێت". هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە پێ دەچێت ڕۆژی پێنجشەم لە پاریس یان لەندەن کۆبوونەوەیەک بکرێت بۆ داڕشتنی پلانەکانی ئەرکی گەڕاندنەوەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا.
پێشتریش لەمڕۆدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، هەڕەشەی لەناوبردنی دەستبەجێی هەر کەشتییەکی کرد کە لە "گەمارۆی ئەمەریکا بۆ سەر گەرووی هورمز" نزیک ببێتەوە، ئەمەش تەنیا چەند خولەکێک دوای چوونەبواری جێبەجێکردنی گەمارۆکە بەسەر گەرووەکەدا. لە لایەکی ترەوە، فەرماندەییی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە دەست "وشە" کەوتووە، ڕای گەیاند کە لە سەعات 10ی بەیانیی ئەمڕۆوە بە کاتی کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا، دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی قەدەغەکردنی هاتوچۆی دەریایی بۆ ناو بەندەرەکانی ئێران و لێیانەوە، ئەمەش پاڵپشت بەو ڕاگەیەنراوەی لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە دەرچووە.
سێنتکۆم لە بەیاننامەکەیدا ڕوونی کردەوە کە قەدەغەکردنەکە بەشێوەیەکی بێلایەنانە بەسەر کەشتیی گشت ئەو وڵاتانەدا جێبەجێ دەکرێت کە دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان جێی دەهێڵن، لە هەمان کاتدا دووپاتی کردەوە کە ڕێگری ناکرێت لە ئازادیی کەشتیوانی بۆ ئەو کەشتییانەی بە ناو گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن و بەرەو بەندەرەکانی تر (جگە لە ئێران) دەڕۆن.
لەلایەکی ترەوە پێشتریش لەمڕۆدا، بەریتانیا ئاشکرای کرد کە گەمارۆی ئەمەریکا بۆ سەر گەرووی هورمز چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە کاتێکدا جەیمس کیلبی سەرۆکی ئۆپراسیۆنەکان لە هێزی دەریایی ئەمەریکا، دووپاتی کردەوە کە فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمەریکا، هێشتا خەریکی داڕشتنی بڕیاری تایبەتە بەم گەمارۆیە.