پێشبینی دەکرێت ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران درێژ بکرێتەوە

:: PM:11:39:13/04/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 13ی نیسانی 2026، سەرچاوە ئاگادارەکان ئێوارەی ئەمڕۆ ڕایان گەیاند کە پێ دەچێت ئێران و ئەمەریکا ئەو ئاگربەستە درێژ بکەنەوە کە هەفتەی ڕابردوو ڕاگەیەنرا. تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریکایی لە زاری سەرچاوەکانەوە گواستیەوە کە درێژکردنەوەکە لەوانەیە بەپێی خێرایی و بەرەوپێشچوونی ئەو دانوستانانە بێت کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەڕێوە دەچن.

پێشتریش لەمڕۆدا، کەناڵی "سی بی ئێس" ئاماژەی بە بەردەوامیی پێوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران دا، و دووپاتی کردەوە کە ئیسلام ئاباد چاوەڕێی وەڵامی هەردوو لایە.

لە لایەکی ترەوە، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمەریکایی ئەمڕۆ وردەکاریی دانوستانەکانی لە پاکستان ئاشکرا کرد، و ڕوونی کردەوە کە شاندی دانوستانکاری ئێران، پێشنیازی کردووە چاودێریی پیتاندنی یۆرانیۆم بکرێت لەبری ئەوەی بەتەواوی بوەستێنرێت.

ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکاییەوە گواستیەوە کە ئەمەریکا پێشنیازی کردووە ئێران ڕازی بێت بە وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 20 ساڵ، ئەوەش لە میانی ئەو دانوستانانەی لە پشووی کۆتایی هەفتەدا لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە چوون. هەروەها ئەمەریکا داوای لە ئێران کردووە گشت یۆرانیۆمە پیتێنراوەکان لە ئاستێکی بەرزدا لە وڵاتەکە بباتە دەرەوە. بەپێی دوو سەرچاوەکە، ئێرانییەکان گوتوویانە کە لەبری ئەوە ڕازی دەبن بە "پڕۆسەیەکی چاودێریکردن بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندن".


وشە - پۆڵا مەحموود