ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ چوارشەم لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی كردەوە، ئەگەری زۆرە شاندی دانوستاندكاری ئەمەریكا و ئێران بەر لە كۆتایی ئەم هەفتەیە، بۆ ئیسلام ئاباد بگەڕێنەوە و گەڕی دووەمی دانوستاندنەكان ئەنجام بدەن.
ئەو سەرچاوانە بۆ
ڕۆیتەرز دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، ئەم هەفتەیە بە ئەگەری زۆرەوە شاندی ئەمەریكا و ئێران بۆ ئیسلام ئاباد دەگەڕێنەوە، جارێكی تر دانیشتن و گفتوگۆی دیپلۆماسی بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن ساز دەكەن.
بەیانیی ئەمڕۆ شەموویش سەرچاوەی ئەمەریكی و ئێرانی بۆ ئەسیۆشەیتد پرێس دووپاتیان كردەوە، چاوەڕوان دەكرێ ڕۆژی پێنجشەم شاندی ئەمەریكا و ئێران گەڕی دووەمی دانوستاندنەكان لە ئیسلام ئاباد یان لە جنێڤ ساز بكەن.
هاوكات بەرپرسانی پاكستان دەستپێشەری و خۆشحاڵی خۆیان پێشان دا، بەوەی میوانداری گەڕی دووەمی دانوستاندنەكان دەكەن و لایەنی ئەمەریكی و ئێرانیشیان لەمە ئاگادار كردووەتەوە.
ڕۆژی شەمووی ڕابردوو شاندی ئەمەریكا و ئێران كۆبوونەوە و بێ گەیشتنە ڕێككەوتن، دوای 20 سەعات گفتوگۆكردن دانیشتنەكە كۆتایی هات و ئێستەیش جۆرێك لە گرژی و هاوكات هەوڵی دیپلۆماسی لە نێوان هەردوو وڵات بەردەوامی هەیە.