چین: گەمارۆی بەندەرەكانی ئێران مەترسیدارە

:: AM:11:10:14/04/2026 ‌

وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ سێشەم، گەمارۆی ئەمەریكای بۆ سەر بەندەرەكانی ئێران بە مەترسیدار و نابەرپرسیار ناوبرد و هۆشداریی دا، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری گرژییەكان.

كوە جیا كون گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئاشكرای كرد، بڵاوەپێكردنی سەربازی و سەپاندنی گەمارۆ لەسەر بەندەرەكانی ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە، سەرەڕای ئەوەی بەشێوەیەكی كاتی ئاگربەست ڕاگەیەنراوە، هەنگاوێكی مەترسیدارە و دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی ململانێكان و لەناوبردنی ئەو ئارامییە فشەڵەی كە دروست بووە، سەلامەتیی كەشتیوانیش لە گەرووی هورمز دەخاتە بەردەم مەترسییەوە و كارێكی نابەرپرسیارانەیە.

وەستانەوەی چین بە ڕووی گەمارۆدانی بەندەرەكانی ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە، بە تەواوی دژی بەرژەوەندییەكانی ئەو وڵاتەیە، چونكە پەكین گەورەترین كڕیاری نەوتی خامی ئێرانە و بە ڕێگرتنی هاتوچۆی كەشتییەكان لەلایەن ئەمەریكاوە، هەناردەی نەوتی ئێران دەوەستێ و ئەمەیش زیانێكی گەورە بە چین دەگەیەنێت.

دوێنێ دووشەم هێزەكانی ئەمەریكا زیاتر لە 15 كەشتیی جەنگییان لە ئاوەكانی كەنداو بڵاو كردەوە و گەمارۆیان سەپاندووەتە سەر گەرووی هورمز و بەندەرەكانی ئێران، لەوكاتەوەیش تا ئێستە تەنیا یەك كەشتیی چینی بە گەرووەكە تێپەڕیوە و بەرەو ئاوەكانی دەریای عەرەب دەڕوات. 

ئامانج لە گەمارۆدانی بەندەرەكانی ئێران، پەستان خستنە سەر تارانە بۆ سازشكردنی زیاتر لە دانوستاندنەكان و گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا، چونكە بە وەستانی هەناردەی نەوتی ئێران، تاران ڕۆژانە 400 ملیۆن دۆلار زیانی پێ دەگات و ئابووری وڵاتەكە بە تەواوی دەخنكێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د