سێ كەشتیی تر بە گەرووی هورمز تێپەڕین

:: AM:11:49:14/04/2026 ‌
سەرەڕای گەمارۆی ئەمەریكا بۆ سەر گەرووی هورمز، ئەمڕۆ سێشەم سێ كەشتیی نەوتهەڵگری نزیك لە ئێران بە گەرووی هورمز تێپەڕین، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ یەكەم ڕۆژی جێبەجێكردنی سەپاندنی گەمارۆی ئەمەریكا بەسەر ئاوەكانی ناوچەكە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەوبارەیەوە بڵاوی كردەوە، سێ كەشتیی تر بە ئاراستەی بەندەرەكانی ئێران ڕۆیشتوون، بەڵام ئامانجەكانیان شوێنی تر بووە، بەوهۆیەوە گەمارۆكان نەیانگرتووەتەوە، چونكە چوونەتە بەندەرەكانی وڵاتانی كەنداو.

ئەو سێ كەشتییە بریتین لە كەشتی "پیەس گۆلف" كە ئاڵای پەنەمای هەڵكردووە و كەشتییەكی قەبارە مامناوەندە و بەرەو بەندەری حەمریە لە ئیمارات دەڕوات، ئەو كەشتییە زۆربەی كات نەفتاوی ئێرانی بار دەكات، كە بەرهەمێكی نەوتییە و لە دروستكردنی پلاستیك و مادەی كیمیایی تر سوودی لێ وەردەگیرێت.

كەشتیی دووەم مۆلیكیشانە كە ناوی لە لیستی سزاكانی ئەمەریكایە و بەرەو عێراق دەڕوات تا زەیتی سووتەمەنی هەڵبگرێت و بگەڕێتەوە، پێشتر ئەو كەشتییە بە ناوی ئێم كەی ئەی بوو و نەوتی ڕووسیا و ئێرانی بار دەكرد و دەیگواستەوە، بۆیە ئەمەریكا ناوی خستە ناو لیستی سزاكانەوە. 

سێیەم كەشتیی نەوتهەڵگری "ریچ ستاری"یە كە هەڵگری ئاڵای چینە و بەهەمانشێوە ناوی لە لیستی سزاكانی ئەمەریكایە، یەكەم كەشتییە كە گەرووی هورمز تێدەپەڕێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ كەنداوی عومان، كە زیاتر لە 250 هەزار بەرمیل مادەی میسانۆلی هەڵگرتووە و لە بەندەری حەمریەی ئیماراتەوە ئەو بارەی هەڵگرتووە.

هاتنی ئەو سێ كەشتییە لە كاتێكدایە كە لە دوێنێوە ئەمەریكا بە زیاتر لە 15 كەشتیی جەنگی گەمارۆی خستووەتە سەر گەرووی هورمز، ڕێگە نادات هیچ كەشتییەك كە بچێتە بەندەرەكانی ئێران بە گەرووی هورمز تێپەڕ ببێت، بەڵام وەك پێشتر فەرماندەی ناوەندی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوی كردەوە، ئەو كەشتییانەی كە دەچنە بەندەری وڵاتانی عەرەبی ڕێگەیان لێ ناگیرێت و بە ئاسایی دەتوانن هاتوچۆ بكەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د