باڵوێزخانەی ئەمەریكا راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە تێیدا هاتووە هەر كەسێك زانیاری بۆ دۆزینەوەی ئەحمەد حەمیداوی بەرپرس لە میلیشیای حزبوڵا بداتە ئەمەریكا ئەوا خەڵاتی پێ دەدرێت كە نزیكەی 10 ملیۆن دۆلار بێت.
ئەمڕۆ سێشەم 14ی نیسان باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە تێیدا هاتووە، "ئەحمەد حەمیداوی رابەری كەتائیبی حزبوڵایە، ئەمەیش گرووپێكی تیرۆریستییە لە عێراق و سەربە ئێرانە، ئەو گرووپە بەرپرسیارە لە هێرشەكانی سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەكانی ئەمەریكا و رفاندنی هاووڵاتیانی ئەمەریكی و كوشتنی خەڵكی سڤیل و بێتاوانی عێراق".
هەروەها لە راگەینراوەكە هاتووە، "ئەگەر تۆ هەر زانیارییەكت لە بارەی ئەحمەد حەمیداوی هەیە، ئەوا لە رێگەی تایبەت پێمان بدە، زانیارییەكەت وا دەكات بگوازرێیتەوە و پاداشت بە دەست بهێنیت".
ئەو زانیارییانەی سەرەوە لەسەر پۆستەرێك نووسراوە، بەڵام بڵاوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق روونكردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێ، "خەڵكی سڤیلی بێتاوان كوژراون، هاووڵاتیانی ئەمەریكا رفێنراون، هێرش كراوەتە سەر دامەزراوەكان، بۆیە پاداشتێك دەدرێت كە دەكاتە 10 ملیۆن دۆلار لە بەرانبەر زانیاری لەبارەی ئەحمەد حەمیداوی، هاوكاریمان بكەن بۆ وەستاندنی توندوتیژی، هاوكاریمان بكەن بۆ وەستاندنی حەمیداوی".
ئەمەریكا خەڵاتێكی تایبەتی هەیە بۆ دۆزینەوەی تیرۆریستان خەڵاتەكە بە "پاداشت لە پێناو دادپەروەری" دەناسرێت.
میلیشیای كەتائیبی حزبوڵا لەلایەن ئەبومەهدی موهەندیس دامەزراوە كە ئەویش لە هێرشێكی ئەمەریكا لە 2020 كوژرا. ئەو میلیشیایە بە توندترین گرووپی میلیشیاكانی شیعە دادەنرێت.