وڵاتانی عەرەبی هەڕەشە لە عێراق دەكەن و لە ئەنجوومەنی ئاسایش سكاڵا تۆمار دەكەن

:: PM:07:07:14/04/2026 ‌
چەند وڵاتێكی عەرەبی داوایان لە عێراق كردووە، هێرشی میلیشیاكان بوەستێنێ‌، ئەگینا مافی وەڵامدانەوە بەكار دەهێنن و لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش سكاڵا تۆمار دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی نیسان سەرچاوەیەكی عێراقی بۆ رۆژنامەی عەرەبی جەدید ئاشكرای دەكات، چەند وڵاتێكی عەرەبی هۆشدارییان بە عێراق داوە و داوایان لێ كردووە هێرشی میلیشیاكان بوەستێنێ‌، كە بۆ سەر خاكی وڵاتانی كەنداو و ناوچەكە ئەنجامی دەدەن. 

تا ئێستە بە فەرمی هەر یەكە لە كوێت و بەحرێن و سعوودیە پەیامی ناڕەزاییان بە عێراق داوە، سەرچاوەكە كە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقە، ئاشكرای كردووە، چەندان وڵاتی تر لە رێگەی باڵوێزەكانیان پەیامیان بە عێراق داوە و لە دوو خاڵدا هۆشدارییان پێ داوە، یەكەمیان مافی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەیانە هەیە كە میلیشیاكان ئەنجامی دەدەن، دووەمیش لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سكاڵا تۆمار دەكەن.

لە ماوەی رابردوودا میلیشیاكانی عێراق لە بەرژەوەندی ئێران بە مووشەك و درۆن هێرشیان كردووەتە سەر ئوردن، كوێت، بەحرێن، سووریا و سعوودیە.


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل