ترەمپ لەبارەی شوێنی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران پاشگەز دەبێتەوە

:: PM:09:06:14/04/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 14ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، دووپاتی کردەوە کە پێ دەچێت لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەست پێ بکەنەوە، و ئاماژەی بە هەبوونی نیشانەکان دا بۆ ڕوودانی پێشهاتی نوێ لە داهاتوویەکی نزیکدا.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، پێویستە دانوستانەکان لە ئیسلام ئاباد بمێننەوە، چونکە لەوانەیە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا شتێک ڕوو بدات و ئێمە زیاتر مەیلمان بەلای ئەوەدایە کە بچینە ئەوێ.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە چاوەڕوانییەکی زۆر هەیە بۆ دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و تاران، ئەمەش دوای ئەوەی گەڕی یەکەم لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بەبێ هیچ پێشکەوتنێکی یەکلاکەرەوە کۆتایی هات، لە ناوەڕاستی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەسپاندنی ئاگربەست و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان لە ناوچەکەدا.

پێشتریش ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" ڕای گەیاندبوو کە دانوستانەکانی داهاتوو لەگەڵ ئێران لە پاکستان بەڕێوە ناچن، و گوتبووی، "ڕێڕەوی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران هێشتا لە قۆناغی داڕشتندایە، پێشهات هەن سەبارەت بەم دۆسیەیە، بەڵام بە هەنگاوی هێواش دەڕۆن".

هەروەها ئاماژەی بەوەش دابوو کە دانوستانە چاوەڕوانکراوەکان لەگەڵ تاران لە پاکستان بەڕێوە ناچن وەک ئەوەی پێشتر بڵاو کرابووەوە، ڕوونیشی کردبووەوە کە واشنتن لە ئێستەدا بیر لە گواستنەوەی شوێنەکە دەکاتەوە بۆ وڵاتێکی تر کە پێ دەچێت لە ناو ئەوروپا بێت، لەگەڵ دوورخستنەوەی تورکیا وەک بژاردەیەک بۆ میوانداریکردنی ئەو گەڕەی کۆبوونەوەکان.


وشە - پۆڵا مەحموود