ئەمڕۆ چوارشەم 15ی نیسانی 2026، کۆشکی سپی ڕای گەیاند کە دانوستانەکانی نێوان ئیدارەی ئەمەریکا و ئێران هێشتا بەردەوامن و "بەرهەمدارن"، ئاماژەی بەوەش دا کە هەست بە "ئاسوودەیی" دەکەن بەرانبەر بە گەیشتن بە ڕێککەوتن.
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، کۆشکی سپی ڕوونی کردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەرهەمدارن و بەردەوامن، ئەمە ئەو دۆخەیە کە ئێستە تێیداین، و هەست بە ئاسوودەیی دەکەین سەبارەت بە دەرفەتەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، پێ دەچێت گەڕی داهاتووی دانوستانەکان لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە بچێت، و بەکردەیی گفتوگۆ بەردەوامە بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران و دووپاتی کردەوە، هێشتا بەشێوەیەکی چڕ بەشدارین لە دانوستانەکان سەبارەت بە ئێران. کۆشکی سپی ئەوەشی خستە ڕوو کە پێ دەچێت گەڕی داهاتووی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە ئیسلام ئاباد بێت کە تەنیا نێوەندگیرە، لە هەمان کاتدا ڕەتی کردەوە کە ئیدارەی ئەمەریکا داوای درێژکردنەوەی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران کردبێت.
پێشتریش لەمڕۆدا، ماڵپەڕی هەواڵیی "ئەکسیۆس"ی ئەمەریکایی بڵاوی کردەوە کە دانوستانکارانی ئەمەریکا و ئێران لە کاتی گەڕی یەکەمی دانوستانەکاندا، لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی نزیک بوونەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ. ئەمەش لە ناوەڕاستی هەوڵەکانی هەردوولادایە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی ماون و گەیشتن بە ڕێککەوتن لە گەڕی دووەمدا، پێش ئەوەی وادەی ئاگربەستەکە لە 21ی نیسان کۆتایی بێت کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاندبوو.
بەڵام لە هەمان کاتدا، ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکایی و سەرچاوە ئاگادارەکانی نێوەندگیرییەکەوە هۆشداریی دابوو کە گەیشتن بە ڕێککەوتن مسۆگەر نییە، ئەوەش بەهۆی جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان هەردوولا. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ چوارشەم، شاندێکی پاکستانی بە سەرۆکایەتیی عاسم مونیر فەرماندەی سوپا، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ گەیشتە تاران.