وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر تۆڕەکەی کوڕی عەلی شەمخانیدا سەپاند

:: PM:10:26:15/04/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 15ی نیسانی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە سزای بەسەر زیاتر لە 20 کەس، کۆمپانیا و کەشتیدا سەپاندووە کە لە ناو تۆڕی گەورە بازرگانی کەشتیوانیی نەوتی ئێران محەمەد حوسێن شەمخانی، کوڕی عەلی شەمخانی بەرپرسی باڵای تەناهیی کۆچکردووی ئێران کار دەکەن.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە لە ماڵپەڕی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمە لە چوارچێوەی چڕکردنەوەی فشارەکانی نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایەکانی دەرەوەی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکایە بۆ سەر ژێرخانی گواستنەوەی نایاسایی نەوت لە ئێران.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایەکانی دەرەوە، هاووڵاتییەکی ئێرانی و سەرمایەداری لبنانیی حزبوڵا "سەید نەعیمائی بەدرەدین مووسەوی" و سێ کۆمپانیای تری خستووەتە لیستی سزاکانەوە کە تێوەگلاون لە پیلانێکی ئاڵۆزی سپیکردنەوەی پارە. ئەو پیلانە فرۆشتنی نەوتی ئێران لەخۆ دەگرێت بەرانبەر بە زێڕی ڤەنزوێلا بۆ بەرژەوەندیی حزبوڵا و فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران.

بەیاننامەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە تۆڕەکەی شەمخانی خۆی لە سزاکان دەدزێتەوە لە ڕێی کۆمەڵێک کۆمپانیای کارگێڕی، ڕاوێژکاری و کۆمپانیای کەشتیوانی کە بە ڕواڵەت یاسایین.


وشە - پۆڵا مەحموود