دوای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كرد پەلە بكات و كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری بكات، چوارچێوەكە هەوڵ دەدات بەر لە 15 رۆژ لە دانیشتنی شەمووی رابردووی پەرلەمان ئەو بابەتە یەكلا بكاتەوە، پەرلەمانتارێكی شیعەش پێشبینیی یەكلابوونەوەی ئەو بابەتە لە دانیشتنی شەمووی داهاتوو لە نێوان سوودانی و بەدری دەكات.
دوای دوو جار دواخستن، بڕیارە شەمووی داهاتوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماڵی عەمار حەكیم لە بەغدا بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران كۆ ببێتەوە،
عامر فایز پەرلەمانتاری شیعە پێشبینی دەكات كە لە كۆبوونەوەكە هێزە شیعەكان بگەن بە رێككەوتن و دیاترین كاندیدانیش بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سوودانی و باسم بەدرین.
زیاتر گوتی، تا ئێستە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كاندیدی سەرۆك وەزیرانە و كاندیدبوونی خۆی بەفەرمی نەكشاندووەتەوە، ئەوە سەرەڕای راپۆرتەكانی باسی ئەگەری كشانەوەی بەهۆ لاوازبوونی چانسی لە وەرگرتنی پۆستەكە لە دوای ڤیتۆی ئەمەریكا دەكەن، دووپاتی كردەوە، دابەشبوون لە ناو چوارچێوە نییە و تەنیا جیاوازی بۆچوون لەبارەی دیاریكردنی كاندیدان هەیە.