بڕیار بوو دووشەمی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە كۆ ببێتەوە و بابەتی كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلا بكاتەوە، بەڵام نەیتوانی، كۆبوونەوەكە بۆ دوێنێ چوارشەم دوا خرا و بە هەمان شێوە نەیتوانی كۆ ببێتەوە و بڕیارە شەمووی داهاتوو كۆ ببێتەوە، كە ئەگەری دواخستنی ئەو دانیشتنەش هەیە، بەڵام بۆچی شیعە ناتوانن سەرۆك وەزیران دیاری بكەن؟
ئەوەی دەگوترێت ناكۆكییەكی قووڵ لەناو
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی كاندیدی سەرۆك وەزیران هەیە، ئەوان بوونەتە سێ بەش و هەریەكە و بۆچوونی خۆی هەیە و سازشی لەسەر ناكات، راپۆرتەكان لە سۆنگەری نەبوونی رێككەوتنی دەرەكی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا و وڵاتانی ناوچەكە، پێشبینی دەكەن كە شیعە كۆدەنگیش بن، نەتوانن كاندیدی سەرۆك وەزیرانی دیاری بكەن.
لە كۆبوونەوەكەی بڕیار بوو دوێنێ ساز بكرێت، لە كۆی 12 هێزی پێكهێنەری چوارچێوەكە، حەوتی ئامادە نەبوون، راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن ئێران دەستی لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق بەرداوە و ئەمەریكاش بە بەردەوام پەیام بۆ بەغدا نوێ دەكاتەوە، هەر كاندیدێك پێوەندی بە میلیشیاكانەوە هەبێت یان لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی بكرێت رەتی دەكاتەوە.
سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، ئەمەریكا بە بەردەوام پەیام بە شیعە دەدات، تەنیا پێوەست نییە بە رەتكردنەوەی كاندیدبوونی نووری مالیكی، بەڵكو هەر كەسێك بۆ پۆستەكە رەت دەكاتەوە پێوەندی بە ئێران و میلیشیاكان هەبێت، بۆیە ئەگەری هەیە هەر كەسێكی تر لە شوێنی مالیكی دیاری بكرێت، ئەمەریكا رەتی بكاتەوە.