ترەمپ: گەمارۆکەی سەر ئێران سەرسوڕهێنەرە و لە بۆردمان کاریگەرترە

:: PM:10:05:16/04/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕای گەیاند کە ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر ئێران "پتەو و سەرسوڕهێنەرە" و سەلماندی کە لە بۆردمانکردن بە بۆمب کاریگەرترە. هەروەها دووپاتی کردەوە کە تاران دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن و دەگەنە ڕێککەوتنێکی باش بەبێ هەبوونی چەکی ناوکی.

ترەمپ لە گوتارێکیدا ئاماژەی بەوە دا، ئێران دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن، ئێمەش زۆر نزیکین لە واژووکردنی، ئاگربەستیش درێژ ناکەینەوە، و پێ دەچێت کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ ئێرانییەکان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بەڕێوە بچێت.

هەروەها گوتی، ئێرانییەکان شتانێک پێشکەش دەکەن کە ئەگەر بەهۆی گورزە سەربازییەکەوە نەبووایە هەرگیز ڕوویان نەدەدا. ئاشکرای کرد کە ئێرانییەکان  ڕازی بوون بەوەی نەبنە خاوەنی چەکی ناوکی، هەروەها ڕازی بوون بە ڕادەستکردنی تۆزی ناوکی، و نزیکەی لەسەر گشت مەرجەکان ڕێککەوتوون. ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەگەر ڕێککەوتن بکرێت، ئەوا سەردانی پاکستان دەکات.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد کە ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بکرێت، ئەوا زۆر شتی نایاب ڕوو دەدەن. گوتیشی، "پێوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ ئێران هەیە کە ئەمە شتێکی باوەڕپێنەکراوە، بەڵام ئەگەر نەگەینە ڕێککەوتن، ئەوا شەڕ دەست پێ دەکاتەوە، چونکە ناکرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی".

لە لایەکی ترەوە و سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان لبنان و ئیسرائیل بۆ وەستاندنی شەڕ، ترەمپ ڕوونی کردەوە کە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لبنان، حزبوڵاش دەگرێتەوە، و دەبینین چۆن مامەڵەکردن لەگەڵ حزبوڵا بەڕێوە دەچێت.

لە کۆتاییدا ئاشکرای کرد کە پێ دەچێت سەرۆکی لبنان و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە ماوەی یەک بۆ دوو هەفتەدا لە کۆشکی سپی کۆ ببنەوە، و خۆیشی لە کاتی گونجاودا سەردانی لبنان دەکات.


وشە - پۆڵا مەحموود