ئێران: هەر هێرشێکی زەمینی یان دەریایی بە گورزی وێرانکەر وەڵام دەدەینەوە

:: AM:10:56:17/04/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 17ی نیسانی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران، ئامادەیی هێزەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جووڵەیەکی سەربازی دژی ئێران دووپات کردەوە. ئەم هەڵوێستەش سەرەڕای ئەو لێدوانانە دێت کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ململانێی سەربازی لە ناوچەکە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی گشتگیر، دای.

سوپای پاسداران لە ڕاگەیەنراوێکدا دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان و سوپای ئێران لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی "بەهێز" دژی هەر کارێکی "دوژمنکارانە" لەلایەن "دوژمنان و هاوپەیمانەکانیانەوە". ئاماژەی بەوەش دا کە "دوژمن بێئومێد بووە لە جێبەجێکردنی سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان بۆ هێرشی زەمینی و دەریایی یان خەونی داگیرکردنی دوورگەکانمان، ئەوەش بەهۆی ئامادەباشیی ئێمەوەیە".

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا، هۆشداری دراوەتە "دوژمنان لە ئەنجامدانی هەر گەمژەییەک بۆ هێرشی زەمینی، چونکە ڕووبەڕووی گورزی وێرانکەر دەبنەوە، جگە لە سەرشۆڕی و شکستیش هیچ شتێکی تر بۆ دوژمن ناهێنێت".


وشە - پۆڵا مەحموود